TR KU SO
FB X
Cîhan

سودانی لە داڤۆس لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە

Rozan Ateş
Yazar
📅 18 Ocak 2024 20:05

پەیامی کورد... سودانی لە داڤۆس لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس ئایندەی پەیوەندییەکانی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و دۆخی ئێستای کەرتی غەززەیان تاوتوێ کرد.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، محەمەد شیاع سوودانی لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووری جیھانی کە لە داڤۆس لە سویسرا بەڕێودەچێت لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس کۆبووەتەوە.

ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، پێشھاتەكانی سەر ئاستی نێودەوڵەتی، ھەروەھا کاریگەرییەکانی شەڕی غەززە و کاردانەوەکانی شەڕەکە لەسەر سەقامگیری ناوچەکە و جیھان تاوتوێ کراوە.

باسی لەوەش کردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربڕیوە لە ھەمبەر پاڵپشتیکردنی لە پرسی فەڵەستین و ھەوڵەکانی بۆ وەستاندنی شەڕی سەر غەززە، ھەروەھا جەختی لە ھەڵوێستی نەگۆڕی عێراق کردووەتەوە سەبارەت بە مافەکانی گەلی فەڵەستین.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لای خۆیەوە لە کۆبونەوەکەدا، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس جەختی لەوە کردووە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوامە لە ھەوڵەکانی بۆ کۆتایی ھێنان بە شەڕی سەر غەززە.

ڕاشیگەیاندووە کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە ئایندەی پەیوەندییەکانی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ عێراق کراوە، ھەورەھا گفتوگۆکراوە لەبارەی ئەو ھەوڵانەی کە بە ئامانجی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی ئاووھەوا خراوەنەتە گەڕ.

Paylas: