بەپەلە ... هۆشداری تووندی هۆشیار زێباری بە حکومەت و پەرلەمانی عێراق
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەینێت، کە پەرلەمان ماوەی بەسەرچووە و مافی پەسەندکردنی پڕوژە یاساکانی نییە.
ھۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (فەیسبووک) ڕایگەیاندووە، حکوومەت و پەرلەمانی عێراق چەندین پێشێلکاریی دەستووری و یاساییان ئەنجام داوە.
ھۆشیار زێباری ھەروەھا ڕایگەیاندووە، ئێستا پەرلەمانی عێراق ماوەی بەسەر چووە و مافی پەسەندکردنی پرۆژەیاساکانی نییە.
زێباری بە خاڵ ئەو پێشێلکارییە یاسایی و دەستوورییانەی دانیشتنی ڕۆژی چوارشەممە 6/6/2018ـی پەرلەمانی عێراقی خستووەتە ڕوو، کە بریتین لە؛
- پەرلەمان ئێستا تەنیا دەتوانێ پێشنیازی یاسایی بکات و بیداتە حکوومەت بۆ ئەوەی حکوومەت بیکاتە پرۆژەیاسا و بینێرێتە پەرلەمان، خۆی ناتوانێ پڕۆژە یاسا پێشکەش بکات.
- دەستووری عێراقی و پەیڕوی ناوخۆی پەرلەمان رێگایان بە بەکراوەیی ھێشتنەوەی دانیشتنەکان نەداوە.
- پەرلەمان لەو دانیشتنەدا، خۆی وەک لایەنێکی کێشەکانی دوای ھەڵبژاردن نیشان دا و ھەر خۆیشی وەک داوەرێک ڕەفتاری کرد. ئەو کارەشی لە بەرژەوەندیی ئەندامە شکستخواردووەکانی لە ھەڵبژاردندا کرد.
- کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق پەیوەست نییە بە پەرلەمان، تەنیا دەکەوێتە ژێر چاودێریی پەرلەمان.
پەرلەمان دەسەڵاتی دەرکردنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆن و دانانی دادوەر لە شوێنی ئەو کۆمیسیارانەی نییە.
ئەنجومەنی وەزیرانیش دەسەڵاتی دروستکردنی لێژنەیان بۆ دەستوەردان لە کاروباری کۆمیسیۆن نییە ، چوونکە کۆمیسیۆن دەستەیەکی سەربەخۆیە.
هەروەها ئەو پێی وایە ئەو پێشێلکارییە دەستووری و یاساییانە دەرەنجامی ”ترسناک“یان لێ دەکەوێتەوە و کاریگەریی نەرێنییان بەسەر ڕەوشی ئەمنی و ئاشتی کۆمەڵایەتی ووڵاتەوە دەبێت.
لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەدا، پەرلەمان تاوتوێی پرۆژەیاسای ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنی کرد و پەسەندی کرد. پرۆژە پەسەندکراوەکە پێچەوانەی ھەموو یاساکانی دیکە، بەسەر ھەڵبژاردنێکدا جیبەجێ دەکرێت، کە بەر لە پەسەندکردنی ئەو پرۆژەیەی ھەموارکرد، ئەنجام دراوە.