بڕی ٨٠٠ ملیۆن دینار بۆ کۆنترۆڵ کردنی کۆلێرا خەرج کرا
پەیامی کورد...بڕی ٨٠٠ ملیۆن دینار بۆ کۆنترۆڵ کردنی کۆلێرا خەرج کرا
مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندیدا لەسەر خەرجکردنی ٨٠٠ ملیۆن دینار وەک بودجەی فریاگوزاری خێرا بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشەکانی سکچوون و کۆلێرا.
سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، مەسرور بارزانی ڕەزامەندیدا بە خەرجکردنی بڕی ٨٠٠ ملیۆن دینار وەکوو بودجەی فریاگوزاری خێرا بۆ کۆنترۆڵی نەخۆشەکانی سکچوون و کۆلێرا لە پارێزگای سلێمانی.
ئاماژەی بەوەشداوە، سەرۆک وەزیران ڕای سپاردووە بۆ بەدواداچوونی ڕەوشی تەندروستی و ئامادەیی و پاڵپشتیکردنی هەر پێویستییەک بۆ ڕێگری گرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا.
نەخۆشی سکچوون و ڕشانەوە لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی شاری سلێمانی بڵاو بووەتەوە و تاوەکوو ئێستا ١٠ تووشبووی کۆلێران لە سلێمانی و ٤ لە هەولێر بە فەرمی تۆمار کراون.