TR KU SO
FB X
Kurdistan

بەندکراوێکی دیکەی کورد لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا

Rozan Ateş
Yazar
📅 10 Temmuz 2023 14:53

پەیامی کورد... بەندکراوێکی دیکەی کورد لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا


پەیمان گەڵوانی، خەڵکی مەهاباد دوای دەستبەسەرکرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری مەهاباد و ڕەوانەکرانی بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە، لە ژێر ئەشکەنجەی ئەم ناوەندە حکوومەتییە گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٩ی بەیانی یەکشەممە ١٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (٩ی جوڵای ٢٠٢٣)، دوای چەند ڕۆژ مانەوەی پەیمان گەڵوانی تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی مەهاباد لە نەخۆشخانەی خومەینیی شاری ئورمیە بەهۆی لەخواربوونی ئاستی هۆشیاری و کەوتنە کۆما گیانی لەدەست دا.

هەنگاو لە وتووێژێکیدا لەگەڵ سەرچاوەیەکی ئاگادار، زانیویەتی کە پەیمان گەڵوانی ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ بەهۆی لەهۆشچوونی و دابەزینی ئاستی هۆشیاری لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیەوە بۆ نەخۆشخانەی خومەینی ئەم شارە گواسترابووەوە. هێزە ئەمنییەکان بە بنەماڵەی گەڵوانیان ڕاگەیاندووە کە ناوبراو بەهۆی "کەوتنە خوارەوەی لە بەرزایی" چووەتە کۆما.

لەماوەی چەند ڕۆژ مانەوەی پەیمان گەڵوانی لە بەشی چاودێری چڕدا، بەشێوەیەکی بەردەوام دوو کەس لە هێزە ئەمنییەکان لەوێ بوون و ئیزنی هیچ چەشنە سەردانێکیان بە کەس نەداوە، بەشێوەیەک تەنیا یەکجار خوشکی پەیمان توانیویەتی چاوی پێ بکەوێت، کە دواتر ڕایگەیاندبوو "ئاساری مۆربوونەوە بەسەر دەموچاو، سەر و جەستەی پەیمان گەڵوانی دیاربووە".

یەکێکی دیکە لە نزیکانی بنەماڵەی گەڵوانی لەمبارەوە ڕایگەیاند: " پەیمان هیچ چەشنە نەخۆشییەکی نەبووە و بنەماڵەی باوەڕیان وایە کە جگە لە ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان هیچ هۆکارێکی دیکە لە پشت گیان لەدەستدانی پەیمانەوە بوونی نییە".

لە ئێستادا، بەهۆی تۆمارکرانی سکاڵا لەلایەن بنەماڵەی گەڵوانییەوە و دەرنەکردنی بڕیاری دەرهێنانی تەرمی ناوبراو لەلایەن داواکاری گشتییەوە، تەرمی پەیمان گەڵوانی لە سەردخانەدا ڕاگیراوە و ئیزنی بینینی تەرمەکەی بە بنەماڵە و کەسانی نزیکی نادرێت.

پەیمان گەڵوانی ڕۆژی یەکشەممە ٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (٢٥ی ژوئەنی ٢٠٢٣)، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی لە مەهاباد بەشێوەیەکی توندوتیژانە دەستبەسەرکرا و ڕەوانی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە کرابوو، هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ چەشنە زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، هەرچەشنە دادگاییکردنێک و ئەو تۆمەتانەی کە درابوونە پاڵ ئەم هاووڵاتییە لەبەردەستدانییە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەستی هەنگاو گەیشتووە، پەیمان گەڵوانی پێشینەی چالاکی سیاسیی و ئەندامییەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا هەبووە کە دەکرێت ئەمە هۆکاری دەستبەسەرکرانی نایاسایی ناوبراو بووبێت.
 

Paylas: