ئورمیە؛ بەندکراوێکی کورد لەژێر ئەشکەنجەدا کوژرا
پەیامی کورد... ئورمیە؛ بەندکراوێکی کورد لەژێر ئەشکەنجەدا کوژرا
هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری ئورمیە بە ناوی مەنسوور سەلامەت، دوای ئەوەی کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ دەستبەسەرگەی ئەو هێزانە گواستراوەتەوە، لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانە و گوشاری دەروونیی لەڕادەبەدەری هێزە ئەمنییەکانی ئەو دەستبەسەرگەیە، گیانی لەدەست داوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٢٧ی دیسەمبەری ١٤٠٢)، مەنسوور سەلامەت، خەڵکی گوندی "پەسان"ی سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕی ئورمیە، لە دەستبەسەرگەی "نۆ پلە"ی ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران لەو شارە و لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانەی هێزە ئەمنییەکانی ئەو دەستبەسەرگەیەدا گیانی لەدەست داوە.
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی سەلامەت؛ ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی "هەڵگرتنی چەکی ڕاوکردن" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و دواتر لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی دڕندانەی ئەو هێزانەدا تووشی جەڵتەی دڵ بووە و گیانی لەدەست داوە.
ناوەندە ئەمنییەکان ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە بنەماڵەی مەنسوور سەلامەتیان ئاگادار کردەوە کە کوڕەکەیان بەهۆی گوشار و دڵەڕاوکێی زۆرەوە تووشی جەڵتە بووە و گیانی لەدەست داوە.
تەرمی مەنسوور سەلامەت ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٧ی بەفرانبار لە گوندی لەدایکبوونی خۆی ئەسپەردە دەکرێت.
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ لانی کەم ١١ بەندکراو لە بەندیخانەکان و دەستبەسەرگەکانی ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران لەژێر ئەشکەنجە و گوشاردا گیانیان لەدەست داوە کە ٨ بەندکراویان کورد بوون.