کۆڵبەرێک لە سنووری ئورمیە کوژرا و دوو دیکەش بریندار کران
پەیامی کورد... کۆڵبەرێک لە سنووری ئورمیە کوژرا و دوو دیکەش بریندار کران
لە ئاکامی دەستڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران لە ژمارەیەک کۆڵبەر لە سنووری شنۆ، کۆڵبەرێک بە ناوی محەممەد ئەمین ئەحمەدی ۳۰ خەڵکی گوندی لاجانی ناوچەی مەرگەوەڕی ئورمیە کوژرا و لانی کەم دوو کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزەکانی سوپای پاسداران بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) لە بەرزاییەکانی گادەر تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و وێڕای کوژرانی کۆڵبەرێک دوو کۆڵبەری دیکەش بە ناوەکانی عەبدوڵڵا (زرار) ئەحمەدی (برای محەممەد ئەمین) و عوزێر سابری ئازەر ٤٥ ساڵە، باوکی ٣ منداڵ و خەڵکی دزەی مەرگەوەڕ بریندار بوون.
محەممەد ئەمین ئەحمەدی ٣٠ ساڵە، خێزاندار و باوکی دوو منداڵە و تەرمەکەی بۆ نەخۆشخانەی نەغەدە گوازراوەتەوە.
هەروەها کە لانی کەم ٦ کۆڵبەریش لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون کە هەتا ئێستا ناسنامەی سێ کەسیان بە ناوەکانی وەحید سەعیدی، قارەمان پورعەلی و سەفەر مورادپوور هەر سێ خەڵکی ئورمیە بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.