کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری بانە کوژرا
پەیامی کورد... کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری بانە کوژرا
کۆڵبەرێکی گەنج بە ناوی هۆشیار ئەمینی دەوسێنە خەڵکی شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە سنووری ئەو شارە کوژرا.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی پێنجشەممە، (٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، هۆشیار ئەمینی دەوسێنە، کۆڵبەری لاوی خەڵکی گوندی " دەوسێنە "ی سەر بە شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت گیانی لەدەست داوە.
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو کۆڵبەرە لاوە لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵی خۆی لە سنووری "هەنگەژاڵ" و لە بازگەی "خۆریئاوا" بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی سەری پێکراوە و بەم هۆیەشەوە گیانی لەدەست داوە.
تەرمی ناوبراو ڕۆژی هەینی، ١٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ لە نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبی لەم شارە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.