دەیان گوندی پارێزگای سنە ئاوی خواردنەوەیان نییە
پەیامی کورد... دەیان گوندی پارێزگای سنە ئاوی خواردنەوەیان نییە
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی پارێزگای سنە ڕایگەیاند، زیاتر لە ١٦٤ گوندی ئەم پارێزگایە ئاوی خواردنەوەیان نییە و بە تانکەر ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین دەکرێت.
محەممەد فەرهاد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی پارێزگای سنە باس لەوە دەکات، ئەو ١٦٤ گوندە لە کاتێکدا ئاوی خواردنەوەیان نییە کە هێشتا وەرزی گەرما نەگەیشتووەتە لووتکە و ڕەنگە بە بەرزبوونەوەی زیاتری پلەی گەرما، ژمارەیەکی زیاتر لە گوند بێ ئاو ببن.
ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بڕیارە ڕۆژی هەینی سەردانی پارێزگای سنە بکات. محەممەد فەرهاد دەڵێت، گرنگترین داواکاریی بەرپرسانی پارێزگای سنە لە سەرۆککۆماری ئێران، چارەسەرکردنی کێشەی ئاوە.
هاشم ئەمینی، جێگری بەڕێوەبەری ئاوی ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی و چاودێری، کە سەردانی پارێزگای لوڕستانی کردبوو، گوتی، لە سێ ساڵی داهاتوودا ئاوی خواردنەوە بۆ ١٠ هەزار گوند دابین دەکرێت.
لە پارێزگای سنە ٥٤٥ هەزار هاوبەشی ئاو هەن، لەو ژمارەیەش ٤١٠ هەزار هاوبەش لە شارەکان و ١٣٥ هەزار هاوبەشیش لە گوندەکانن.