دەسبەسەرکردنی ١٨٢ هاووڵاتیی کورد لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا
پەیامی کورد... دەسبەسەرکردنی ١٨٢ هاووڵاتیی کورد لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا
لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا، ١٨٢ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و ڕفێندراون و ڕۆژانە لانیکەم ٦ چالاکی کورد دەسبەسەر دەکرێن.
ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی ٢٠٢٣ی زایینیدا، لانیکەم ١٨٢ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و مەدەنی، لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و ڕۆژانە بە شێوەی نێونجی ٦ چالاکی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر و دەڕفێندرێن.
لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، ١٦٩ هاووڵاتی بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران، ١٠ هاووڵاتی بە تۆمەتی چالاکیی مەزهەبی و ٣ هاووڵاتیی دیکەش بە تۆمەتی چالاکیی مەدەنی لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە کوردستان دەسبەسەر کراون و لەنێویاندا، ١٢ ژن، ١٤ منداڵ و مێرمنداڵی ژێر ١٨ ساڵان، ٩ خوێندکاری زانکۆ و ٦ مامۆستای قوتابخانە و مامۆستای زانکۆ لە کوردستانیشی تێدایە کە دەسبەسەر و ڕفێندراون.