دوو دەروازەی سنووری دیکە لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دەکرێنەوە
پەیامی کورد... دوو دەروازەی سنووری دیکە لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دەکرێنەوە
ماوەی چەند ڕۆژێکە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی تورکیای کردووە بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتی برەودان بە پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان هەر دوو لا، لەکۆبونەوەشیان لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا تاوتوێی کردنەوەی دەروازەکانی زێت لە مێرگەسۆر و سەرزێڕێ لە ئامێدی کراون، حکومەتی هەرێم پێشتر بڕیاری کردنەوەی دەروازەی زێتی خستووتە بواری جێبەجێکردنەوە.
شاندی حکومەتی هەرێم پێکهاتون لە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ، شاندی هەرێم لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی، گواستنەوە، دەستەی وەبەرهێنان، وەزارەتی ناوخۆ و دارایی تورکیا کۆبوونەتەوە و باسیان لە چۆنیەتی برەودان بە پەیوەندی بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان هەر دوو لا کردووە.
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لە لێدوانێکدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەکانیان دا لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا باسیان لە چۆنیەتی زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان کردووە، لایەنی تورکیش بەڵێنی داوە هەموو ئاسانکارییەک بۆ بازرگان و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بکات.
ئاماژەی بەوەشکردوە، هەروەها باس لە دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر کراوە، کە ئێستا لێکتێگەیشتنێکی گشتی لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و لایەنی تورکی لەسەر ئەو بابەتە هەیە، هەروەها لەسەر دروستکردنی چەند گۆڕەپانێکی بازرگانی لەسەر سنوورەکان گفتوگۆ کراوە.
پەیوەست بە کردنەوەی دەروازەی نوێ لەنێوان هەر دوو لا، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران باسی لەو کردووە، باس لە چۆنیەتی کردنەوەی دەروازەی سنووری لەنێوان هەرێم و تورکیا کراوە، وەک دەروازەکانی زێت و سەرزێڕێ. ئەوەی پەیوەندیدار بێت بە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بڕیاری پێویستی لەسەر دەدرێت و لایەنی پەیوەندیدارەکانیش خۆیان لێرە بوون، بۆ ئەوەی کار لەسەر بابەتەکانی دیکە بکەن.
ئەوەشی خستووتە ڕوو، پارەی پێویست بۆ دروستکردنی دەروازەی نوێ تەرخان کراوە و بڕیاری بنەڕەتییان ئەوەیە کە لە هەر دوو لاوە دەست بە جێبەجێکردنی دروستکردنی دەروازەکان بکرێت.