فوئاد حسێن: ئێرانییەکان ناتوانن هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل، بۆیە هێرشیان کردە سەر هەولێر
پەیامی کورد... فوئاد حسێن: ئێرانییەکان ناتوانن هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل، بۆیە هێرشیان کردە سەر هەولێر
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، داخی خۆی دەربڕی کە عێراقییەکان باجی گرژیی نێوان واشنتۆن و تاران دەدەن، جەختیشی لەوە کردەوە کە هێرشی تاران بۆ سەر هەولێر پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و "بەرەو ئەنجوومەنی ئاسایش دەڕۆین".
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی، لە پەراوێزی کۆڕبەندی "داڤۆس" کە لە سویسرا بەڕێوەچوو، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق وتی : "جێگەی داخە کە گرژی لە نێوان واشنتۆن و تاراندا هەیە"، ئاماژەی بەوەشکرد "بەزۆری کاتێک گرژی لەنێوان هەردوو وڵات دەبێت، عێراقییەکان باجەکەی دەدەن و شەڕەکە لەسەر خاکەکانی عێراق ڕوودەدات، ئێستاش گرژیی نێوان ئیسرائیلییەکان و ئێران، هەمان كاریگەری لەسەر عێراق دروست كردووە”.
حوسێن لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "لەبەر ئەم هۆکارە ئێرانییەکان نایانەوێت یان ناتوانن هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل، ئەوان لە دەوروبەریان بەدوای قوربانیدا دەگەڕێن، هێرش دەکەنە سەر هەولێر".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە ئەو هێرشانە ئیدانە دەکەین و بە دەستدرێژی دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەزانین. بۆیە ڕێوشوێنی جۆراوجۆرمان گرتەبەر، هەروەها چووینە ئەنجوومەنی ئاسایش لە نیویۆرک".
حوسێن ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە “شەڕی دژی گەل لە غەززە کێشەیەکی گەورەی دروستکردووە نەک تەنها بۆ گەلی فەلەستین، بەڵکو بۆ تەواوی ناوچەکەش، بۆیە وەستاندنی شەڕ و زیادکردنی و کردنەوەی دەرگا بۆ یارمەتیدانی زیاتری مرۆیی بۆ غەززە، و وەستاندنی شەڕی غەززە یەکەم هەنگاو دەبێت بۆ گەیشتن بە دۆخێکی ئارامتر لەناوچەكە”.