حکومەتی هەرێمی کوردستان: دادگای فیدراڵی عێراق نادەستوورییە
پەیامی کورد... حکومەتی هەرێمی کوردستان: دادگای فیدراڵی عێراق نادەستوورییە
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، تاکوو ئێستا هیچ یاسایەک بۆ دامەزراندنی دادگای فیدراڵی لە پەرلەمانی عێراق دەرنەچووە، بۆیە دادگای فیدراڵی هیچ دەسەڵاتێکی دەستووریی نییە.
ئەمڕۆ شەممە ٤ ی ئایاری ٢٠٢٢ فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، بڵاوی کردەوە، سەبارەت پرۆسەکانی پەیوەندیدار بە نەوت و گاز، ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتی ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٢ بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە کە تێیدا باسی لە یاسای نەوت و غاز و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان کردووە بەگوێرەی یاسا و هەروەها ئەوەی ڕوون کردووەتەوە کە دادگای فیدراڵی نادەستوورییە و دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی نییە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لە بەیاننامەکەی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستاندا هاتووە، کردارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پرۆسەی پەیوەندیدار بە نەوت و گاز لەگەڵ دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ گونجاوە و حوکمەکانی یاسای نەوت و گاز ژمارە ٢٢ ی ساڵی ٢٠٠٧ کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە پێچەوانەی حوکمەکانی دەستووری عێراق نییە، پرۆسەکانی گەڕان و بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت و گاز وەک تایبەتمەندییە حەسرییەکانی دەسەڵاتە فیدراڵییەکان دەستنیشان نەکراوە وەک لە ماددەی ١١٠ ی دەستووری عێراقدا هاتووە، بۆیە دەقەکانی یاسای نەوت و گاز بەرکار دەمێننەوە.
باسی لەوەش کردووە، بەگوێرەی ماددەی ١١٢ ی دەستووری عێراق حکومەتی فیدراڵی نەوت و گازی دەرهێنراو لە کێڵگەکانی ئێستا لەگەڵ حکومەتەکانی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان بەڕێوە دەبات و دابەشکردنی داهاتەکەشی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەشی سەر دانیشتووان دەکرێت لەگەڵ دیاریکردنی پشکێک بۆ ئەو هەرێمە زیانلێکەوتووانەی کە لەلایەن ڕژێمی پێشوو بێبەش کراون.
هەروەها ئەوەش خراوەتە ڕوو، ماددەی ١١٢ تەنیا کێڵگەکانی ئێستا دەگرێتەوە ئەمەش بە واتای ئەو کێڵگە نەوتیانە دێت کە بەرهەمهێنانی بازرگانییان هەبووە پێش ڕیفراندۆمی دەستووری عێراقی لە ئابی ٢٠٠٥، واتا لە دوای ئەم ڕێکەوتەوە پرۆسەی نەوت و گاز دەکەونە ژێر تایبەتمەندییە حەسرییەکانی هەرێمی کوردستان، بەم شێوەیە دەقەکانی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان - عێراق ژمارە ٢٢ ی ساڵی ٢٠٠٧ بە پێناسەی (کێڵگەی ئێستا) لە ماددەی یەکەمی ئەو یاسایەدا لەگەڵ حوکمەکانی دەستووری عێراقدا دەگونجێت و پێچەوانەیان نییە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم ڕاشی گەیاندووە، بەپێی ماددەی ٩٢/٢ لە دەستووری عێراق پێویستە ئەنجوومەنی نوێنەران یاسایەک دەربکات بۆ دامەزراندنی دادگای باڵای ئیتیحادی، بەڵام تاکوو ئێستا هیچ یاسایەکی لەو جۆرە دەرنەچووە، بۆیە لە عێراقدا دادگایەکی ئیتیحادی کە بە پێی دەستوور دامەزرابێت بوونی نییە، ئەو دادگایە کە بڕیاری ١٥ ی شوباتی ٢٠٢٢ ی بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان ژمارە ٢٢ ی ساڵی ٢٠٠٧ دەرکردووە هیچ دەسەڵاتێکی دەستووری نییە، بۆیە یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بەرکار دەمێنێتەوە.