هاووڵاتییەکی خەڵکی باکووری کوردستان لە ماکۆ سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا
پەیامی کورد... هاووڵاتییەکی خەڵکی باکووری کوردستان لە ماکۆ سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا
بەندکراوێکی سیاسی کورد و خەڵکی باکووری کوردستان بە ناوی محەممەد بیرداڵ کە کۆتایی هاوینی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە، لەلایەن دادگای ماکۆ سەرجەم سزای ١٦ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، محەممەد بیرداڵ لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ماکۆ بە سەرۆکایەتی عەلەمیار عیرفانی بە چەندین تۆمەت وەکوو هاوکاری و ئەندامەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان، هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی و دابین کردنی سەرچاوەی ماڵی بۆ حیزبە دژبەرەکانی ئێران سەرجەم سزای ١٦ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە کە بە پێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترین سزا واتە ٤ ساڵ بەندکرانی ناوبراو جێبەجێ دەکرێت.
هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە محەممەد بیرداڵ خەڵکی شاری دوبایزیدی باکووری کوردستانە و خەرمانانی ساڵی ٢٧٢١ (سێپتەمبەری ٢٠٢١) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماکۆ دەستبەسەر کراوە.
ئەم هاووڵاتییە کوردە بەهاری ئەمساڵ دوای ٧ مانگ لە یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ماکۆ گوازراوەتەوە. ناوبراو لە ماوەی ئەو ٧ مانگەدا لە مافی هەبوونی پارێزەر و هەروەها پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.