هۆکاری زیادبوونی کردەوە تێرۆریستییەکانی داعش ئاشکرا دەکرێت
پەیامی کورد ... هۆکاری زیادبوونی کردەوە تێرۆریستییەکانی داعش ئاشکرا دەکرێت
نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ژووری ئۆپراسیۆنی عێراق رایگەیاند ، ھۆكاری زیادبوونی كردەوەكانی داعش، بۆ بۆشایی ئەمنیی نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزی عێراقی دەگەڕێتەوە و، تا ھێزی ھاوبەشیش لەو ناوچانە جێگیر نەكرێت، كردەوەكانی داعش بەردەوام دەبن.
لیوا عەبدۆلخالق تەڵعەت، ڕایگەیاند : "ھۆكاری زیادبوونی كردەوەكانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان ئەوەیە، كە سوود لەو بۆشاییە ئەمنییە دەبینن كە لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزی عێراقیدا ھەیە و پێویستە ئەو بۆشاییە پڕبكرێتەوە و ئۆپراسیۆنەكانی ھێزی عێراقیش بە تەنھا ناتوانێ كردەوەكانی داعش بنبڕبكات، بەڵكوو پێویستە ھێزی ھاوبەش ئەو كارە بكات".
تەڵعەت ووتیشی: "پێویستە رێككەوتن لە نێوان ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق بكرێت بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی ھەیە و، بڕیاریشە بۆ ئەو مەبەستە لە كۆتایی ئەم ھەفتەیە یاخود لە ھەفتەی داھاتوودا كۆبوونەوە ئەنجام بدرێت، چوونكە پێویستە ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت و ئەو بۆشاییەی ھەیە، پڕبكرێتەوە".