هۆکاری زیادبوونی کردەوە تێرۆریستییەکانی خانەقین ئاشکرا دەبێت
پەیامی کورد ... هۆکاری زیادبوونی کردەوە تێرۆریستییەکانی خانەقین ئاشکرا دەبێت
جێگری بەرپرسی لقی ١٥ی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند ، بە ھۆی زیادبوونی کردەوە تیرۆریستییەکانی داعش لە سنووری خانەقین، دۆخی ئەو سنوورە زۆر خراپە لە ڕووی ئەمنییەوە و، ھیزە عێراقییەکانیش ھیچ لایان گرینگ نیە کە چی بەسەر ئەو خەڵکە دێت و تەنانەت ناتوانن خۆشیان بپارێزن، بۆیە باشترین چارەسەر. درووستکردنی ھێزی ھاوبەشی سوپا و پێشمەرگەیە بۆ ناوچەکە.
ئەکبەر حەیدەر، جێگری بەرپرسی لقی ١٥ی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند : دۆخی خانەقین زۆر خراپە و کوژران و برینداربوونی نزیکەی ٣٠ کەس کەم نییە لە ماوەی ھەفتەیەکدا، کە بێگومان نیشانەی ئەوەیە دۆخی خانەقین خراپە، چونکە لە دەوروبەری خانەقین ئەو ھێزەی کە لێیەتی، توانایان نییە و ئامادەش نین کە داعش پەلاماری دا بێن بەدەم خەڵکەوە، کە بەداخهوە دەڕفێندرێن و شەهید دەکرێن، بۆیە داعشیش بە ئارەزووی خۆی کردەوە لەو سنوورە ئەنجام دەدات و جموجۆڵی زۆر زیادی کردووە".
حەیدەر گوتیشی، داعش ھەر چی کردەوەی تیرۆرستییە لە کوشتن و ڕفاندن و ھێرشکردن و دانانی بۆمبی چێندراو ئەنجامی دەدات، بۆیە داعش لە ناوچەکە بەھۆی لاوازیی ھێزی عێراقییەوە، زۆر بەھێز بووە.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، داعش کە شەوان ھێرش دەکەن، ئەو ھێزانەی عێراقی کە لەوێن، ھیچ شارەزاییان لە ناوچەکە نییە، ئەمەش ھۆکارێکی دیکەیە کە داعش کردەوەی زۆر بووە، چونکە ئەو ھێزەی کە ھاتوون بیانین و ھیچ لایان گرنگ نیە کە چی بەسەر خەڵکی ناوچەکە دێت و شارەزای ئەو ناوچانەش نین و ناتوانن خۆشیان بپارێزن جا چۆن دەتوانن خەڵکی بپارێزن.
ڕوونیشی کردەوە، تیرۆریستانی داعش لەو کردەوانەدا زیاتر کورد دەکەنە ئامانج، بۆیە تا ھێزی پێشمەرگە و سوپا بە ھاوبەشی نەگەڕێتەوە و لە ناوچەکەدا جێگیر نەکرێن، دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام خراپتر دەبێت.