سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵوێزی ئوسترالیا لە عێراق کرد
سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە باڵوێزی ئوسترالیا لە عێراق كرد و باڵوێزی ئوسترالیا ستایشی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستانی کرد.
ڕۆژی دووشەممە 4ی ئاداری 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك بارزانی پێشوازی لە گلین مایڵز، باڵوێزی ئوسترالیا لە عێراق كرد، لە دیدارەكەدا باڵوێزی ئوسترالیا ستایشی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستانی کرد، خواستی وڵاتەکەیشی بۆ قووڵكردنەوەی ئەم پەیوەندییە خستە ڕوو.
لە دیدارەكەدا باس لە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان کرا، کە بڕیارە لە 10ی حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، لەم ڕووە تاوتوێی پرسی سەختیی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بەبێ بەشداریی سەرجەم پێکهاتەکان کرا، لەبەر ئەوەی هەڵوەشاندنەوەی کۆتایی پێکهاتەکان لێدانە لە پرسی هاوبەشێتی و پێکەوەژیان.
ئەوەش خرایە ڕوو، کە هەرێمی کوردستان بەردەوام پێداگری لەسەر پێکەوەژیان کردووە، بەوپێیەی یەکێکە لەو بنەما سەرەکییانەی کە بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیی لە هەرێمەکەدا لەسەری بنیات نراوە.
ئەوەش روون کرایەوە، كە پێکهاتەکان بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی کوردستان و لەبەر توندیی کێبڕکێکان، رەنگە بەبێ بوونی کۆتا نەتوانن نوێنەرایەتیی خۆیان لە پەرلەمانی کوردستان دەست بخەن.
لە تەوەرێكی تری دیدارەکەدا، مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی لە عێراق باس کرا، سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەمە پرسێکی نیشتمانییە و پەیوەستە بە سەرجەم پێکهاتەکان، پێویستە لەم روانگەیەوە درک بە مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر بکرێت.