TR KU SO
FB X
Kurdistan

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵوێزی ڤاتیكان لە عێراق کرد

Arsalan
Editor
📅 14 Mayıs 2024 19:05

ڕۆژی سێشەممە 14ی ئایاری 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە میتیا لێسكۆڤار باڵوێزی ڤاتیكان لە عێراق كرد، كە بە مەبەستی ماڵئاوایی و كۆتایهاتنی ئەركەكانی سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو.

لە دیدارەكەدا باڵوێزی ڤاتیكان سوپاسی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی كرد لە هەوڵەكانی بۆ بەدیهاتنی سەقامگیری و هەروەها پاراستنی كولتووری پێكەوەژیان و بەرگریكردن لە مافی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، هەروەها پێزانینی هەبوو لەو پێشوازی و ئامادەكارییەی بۆ سەردانی قەداسەتی پاپا بۆ هەرێمی كوردستان گیرابووەبەر و سەردانەكەی بە مێژوویی و گرنگ وەسف كرد.

ئاماژەشی بەوەدا كە سەرباری ئەوەی گرفت و ئاڵنگاریی لە عێراقدا زۆر هەیە، بەڵام لە زۆر بواریشدا پێشكەوتن هەیە كە مایەی دڵخۆشیە و هەرێمی كوردستان و بە تایبەت شاری هەولێری بە نموونەیەك لە سەقامگیری و پێشكەوتن لەقەڵەم دا.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی سەردانەكەی قەداسەتی پاپا بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق ڕایگەیاند كە گەلی ئێمە شانازی بە كولتووری پێكەوەژیان دەكات و پێویستە ئەو كولتوورە دەوڵەمەندتر بكرێت.

سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە كوردستان بە بوونی جیاوازی و ڕەنگاوڕەنگی جوانە و ناكرێ بە هیچ شێوەیەك ڕێگری هەبێت لەوەی پێكهاتەكان ڕۆڵی خۆیان لە ژیانی سیاسی و پەرلەمانیدا ببینن.

پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڤاتیكان تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.

Paylas: