Kurdistan
برینداربوونی دوو کۆڵبەر لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
دوو کۆڵبەر لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری شاری بانە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بریندار کران.
بەپێی زانیارییەکان، شەوی ڕابردوو، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران بۆ سەر ژمارەیەک لە کۆڵبەران لە سنووری (هەنگەژاڵ)ی شاری بانە، دوو کۆڵبەر بریندار بوون.
تاوەکوو ئێستا ناسنامەی یەکێک لەو دوو کۆڵبەرە بە ناوی فەخرەدین یووسفی ئاشکرا بووە و ناسنامەی کۆڵبەرەكەی دیکە نادیارە.
لەمبارەیەوە ڕێكخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی كردووەتەوە، ئەم دوو کۆڵبەرە قاچیان بریندار بووە و بۆ نەخۆشخانەی (سەڵاحەدینی ئەیووبی)ی شاری بانە گواستراونەوە و دواتر فەخرەدین یووسفی بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە بۆ نەخۆشخانەی تاڵقانی لە شاری کرماشان گواستراوەتەوە.