وەزارەتی ناوخۆی ئێران رێگری لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکانی نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەکات
وەزارەتی ناوخۆی ئێران سەرجەم پارێزگارەکانی ئەو وڵاتەی راسپاردووە، لەناو مانگی رەمەزاندا رێگری لە بەڕێوەچوونی هەرجۆرە رێوڕەسمێكی نەورۆز بکەن.
لە کاتێکدا لە زۆربەی شار و گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، پێشوەختە رێوڕەسمەکانی نەورۆز دەستیان پێکردووە و ئاگرکردنەوەی نەورۆز بە مەشخەڵ و پۆشینی جلی كوردی و جامانە و هەڵپەڕکێ بەڕێوە دەچن، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی ئێران سەرجەم پارێزگارەکانی ئەو وڵاتەی راسپاردووە، رێگری لە بەڕێوەچوونی هەرجۆرە رێوڕەسمێكی نەورۆز بکەن، پارێزگارەکانی هەموو پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیش، قایمقامەکانیان راسپاردووە، رێگری لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکانی نەورۆز لە مانگی رەمەزاندا بكەن.
بەپێی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی لە هەندێک شار و گوندی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو کراونەتەوە، 10 رۆژ پێش ئێستا، رێوڕەسمەکانی بەهار و نەورۆز لە ناوچەی هەورامانەوە دەستیان پێکردووە و تاوەکوو ئێستاش لە زۆربەی شار و گوندەکان بە گڕوتینێکی زۆرەوە لەسەری بەردەوامن.