TR KU SO
FB X
Kurdistan

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوایەک ئاراستەی حکوومەتی فیدڕاڵ دەکات

سارا
Yazar
📅 11 Temmuz 2024 07:18
پەیامی کورد   ...   ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوایەک ئاراستەی حکوومەتی فیدڕاڵ دەکات

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و هەرێم سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکان کە لە 2024/7/1 لە بەغدا ئەنجام درا لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ خرایەڕوو.

لە کۆبوونەوەدا جەخت لە پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور کرایەوە. 

ئەنجوومەنی وەزیران پشتگیری خۆی بۆ لیژنەی دانووستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ڕایسپاردن کە لە چوارچێوەی دەستور و یاسا بەرکارەکان، درێژە بە گفتوگۆ لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵ بدەن و لیژنەیەکی یاسایی پسپۆڕیشی ڕاسپارد بۆ ڕێککەوتن لە سەر داڕشتنی میکانیزمی هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە فیدراڵییەکان تاوەکوو یاسای تایبەت بە دەستەی دەروازە سنوورییەکان هەموار دەکرێتەوە . 

پاشان لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبونەوەکە، ئەنجوومەنی وەزیران بەدواداچوونی بۆ بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی گشتی و بە تایبەتیش مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش كرد کە بەداخەوە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی تا ئێستا مووچەی مانگی 5 و6 ی خەرج نەکردووە سەرەڕای ئەوەی کە لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە، بۆ وردبینی و پێداچوونەوە، پێشکەش بە تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ کراوە. لەمبارەیەوە بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی وئابووری ڕاپۆرتێکی وردی خستەڕوو.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، دوا پێشهاتی بابەتی ووردبینی و پێداچوونەوەی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فیدراڵی تاوتوێ کرا و جەخت لە بەردەوامی ئاسانکاری وەزارەتەکان بۆ پرۆسەی ووردبینی کرایەوە، هەروەها گفتوگۆ  لەبارەی کارەکانی تیمی هاوبەشی هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ سەبارەت بە پرۆسەی هاوبەشی یەکخستنەوەی ڕێکارە داراییەکان و ڕێکارەکانی وەرگرتنی باج لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ  کرا بە ڕەچاوکردنی دەسەڵاتە دەستوورییەکان و بە ئاراستەی برەودان بە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی دارایی. 

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە خوازیاری چارەسەری ڕاستەقینەی سەرجەم بابەتە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵە، لەم ڕووەوە، دامەزراوەکانی هەرێم پابەندییەکانی خۆیان بەجێگەیاندووە و ئەرکی حکوومەتی فیدڕاڵیشە کە شایستەکانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق و چیتر خەرجکردنی مووچە دوانەکەوێت .

 ئەنجوومەنی وەزیران داوای لە حکوومەتی فیدڕاڵ دەکات هەرچی زووە مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێم بۆ هەردوو مانگی 5 و6 خەرج بکات . هەروەها داوا دەکات شایستەکانی دیکەی هەرێم لە تەرخانکراوەکانی تەشغیلی و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان خەرج بکات کە لە خشتە پەسەندکراوەکانی بوودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024 پارەیان بۆ تەرخانکراوە کەچی تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ هەرێم خەرج نەکردووە و لە سەرەتای 2024 یشەوە، هەرێمی کوردستان بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی بە کاش بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ناردووە و مانگانەش لیستی مووچەی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجی سەرجەم وەزارەتەکان ،بە شێوەیەکی ڕوون و شەفافانە ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کراوە.

Paylas: