TR KU SO
FB X
Kurdistan

نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌ هاوکاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئاڵمانیا کردەوە

سارا
Yazar
📅 17 Şubat 2025 08:30
پەیامی کورد   ...   نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌ هاوکاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئاڵمانیا کردەوە

له‌ درێژه‌ی کارنامه‌که‌یدا له‌ ڕۆژی سێیه‌می کۆنفرانسی ئاسایشی میوونشن، نیوه‌ڕۆی یەکشەممە 2025/2/16 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانی ئاڵمانیا و وەزارەتی هاوکاری ئابووری و گەشەپێدانی ئاڵمانیا کۆبووه‌وه‌ کە پێکهاتبوو لە د. نیلس شمید، ووتەبێژی کاروباری دەرەوە و هەماهەنگکاری گرووپ لە لیژنەی کاروباری دەرەوە لە پارتی دیموکراتی کۆمەڵایەتی (SPD)، ئەندریاس شوارز، ئەندامی لیژنەی بەرگری، مێتن هاکڤێردی، ئەندامی لیژنەی بوودجە و نیلس ئانین، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی هاوکاری ئابووری و گەشەپێدانی ئاڵمانیا.

لە کۆبوونەوەکەدا جه‌خت له‌ گرینگی بره‌ودان به‌ پەیوەندییەکانی ئاڵمانیا له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کرایه‌وه‌، هەروەها ده‌رباره‌ی دۆخی عێراق و هه‌رێمی کوردستان و پێشهاته‌کانی ناوچه‌که‌، بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرینگی بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ ئاڵمانیا کردەوە، بەتایبەتی لە بواری پەرەپێدانی تواناکانی بەرگری هێزەکانی پێشمەرگە و پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیری.

لاى خۆیانەوە، ئەندامانی شاندەکە وێڕای ستایشکردنی ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکه‌دا‌، داکۆکییان لە دۆستایەتی هەرێمی کوردستان و ئاڵمانیا کردەوە، هه‌روه‌ها پابەندی ئاڵمانیایان بۆ بەردەوامی پشتگیری عێراق و هەرێمی کوردستان ده‌ربڕی و ئاماژەیان بە گرینگی فراوانکردنی هاوبەشی لە بوارەکانی گەشەپێدان، ئاسایش و پێویستی بەردەوامی هەماهەنگی هاوبەش کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییه‌ ئەمنییه‌کان.

هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان و هه‌وڵه‌کانی پێکهێنانی کابینه‌ی تازه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، دۆخی ئاوارە و پەنابەران و پێکهاته‌کان لە هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییه‌کانی سووریا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

Paylas: