TR KU SO
FB X
Kurdistan

سەرۆکی سووریا ئەحمەد شەرع پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆک مەسعوود بارزانی ئەنجام دەدات

📅 09 Ocak 2026 20:19
پەیامی کورد... سەرۆکی سووریا ئەحمەد شەرع پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆک مەسعوود بارزانی ئەنجام دەدات

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، ئەمڕۆ هەینی،  پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆک مەسعوود بارزانی ئەنجامدا و تێیدا بارودۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

تۆڕی میدیایی "ڕووداو" بڵاویکردەوە، هەردوولا باسیان لە "دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی سووریا و ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن" کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەردوولا جەختیان لەسەر "گرنگیی سەقامگیری و هەماهەنگیی هاوبەش" کردووەتەوە.

هەواڵەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە "شەرع جەختی کردووەتەوە کە کورد پێکهاتەیەکی ڕەسەن و سەرەکیی گەلی سووریایە"، هەروەها جەختی لەسەر "پاپەندبوونی تەواوی دەوڵەتی سووریا بە دەستەبەرکردنی هەموو مافە نەتەوەیی، سیاسی و مەدەنییەکانی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی سووریا بە یەکسانی و بەبێ جیاکاری" کردووەتەوە.

لەلایەن خۆیەوە، "سەرۆک بارزانی ستایشی ڕوانگەکەی شەرعی کرد" و "پاڵپشتیی خۆی بۆ ئیرادە و خواستەکانی سوورییەکان لە بونیادنانی دەوڵەتێکی گشتگیر کە هەموو لایەن و پێکهاتەکان لەخۆبگرێت و هەمووان تێیدا هاوبەش بن" دەربڕی.

سەرۆک بارزانی جەختی لەسەر "پێویستیی بەردەوامبوونی ڕاوێژ و هەماهەنگی کردەوە بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەموو لایەنەکان و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی بکات".

Paylas: