خواکورک بێ وێنەیە چوونکە ئێمە لە شۆڕشی گوڵان بە کەمترین پاڵپشتی سەربازییەوە بەرەنگاری گەورەترین سوپای ناوچەکە بووینەوە."
پەیامی کورد ... خواکورک بێ وێنەیە چوونکە ئێمە لە شۆڕشی گوڵان بە کەمترین پاڵپشتی سەربازییەوە بەرەنگاری گەورەترین سوپای ناوچەکە بووینەوە."
یەکێک لەو نەبەردیانەی ھێزی پێشمەرگە لە مێژوویدا تۆمار کردووە داستانی بەناوبانگی خواکورکە کە بە کەمترین چەک پێشمەرگە گەورەترین سوپای ئەو سەردەمەی ناوچەی تێک شکاند و ٣٢ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ داستانی خواکورک سەلماندی کە دوژمن چەندە بەھێزیش بێت ناتوانێت بەرەنگاری پێشمەرگە ببێتەوە، بەشداربوویەکی داستانەکەش دەڵێت، ئێستایش ئێسکوپروسکی سەربازانی عێراق لە ناوچەکە ماون.
دوای ئەوەی ھەردوو دەوڵەتی عێراق و ئێران گەیشتنە ڕێککەوتن و کۆتایییان بە شەڕی ھەشت ساڵەی نێوانیان ھێنا، ڕژێمی بەعس ھێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر ناوچەکانی کوردستان دەست پێ کرد و بە پێشکەوتووترین چەکی ئەو سەردەمە پەلاماری گوند و ناوچە کوردستانیەکان درا، بەڵام پێشمەرگە توانی لە ناوچەی خواکورک گورزێکی کوشندە لە ھێزی دوژمن بدات و گەورەترین شکست بە سوپای عێراق و جاشەکانی ھێنرا.
لە سەرەتای مانگی تەمووز ڕژێمی بەعس ھێزەکانی کۆ کردەوە و بەرەو ناوچەی خواکورک جووڵەی کرد، لە ناوچەی خواکورکی سەر بە قەزای سۆران ھێزەکانی پێشمەرگە بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی کە ئەوکات ڕاستەوخۆ بەشداریی شەڕی کرد بەرەنگاری سوپای عێراق بوونەوە، لیوا خەمەت گوڕەتوویی، بەشداربووی داستانی خواکورک، ڕایگەیاند : "خواکورک وێنەی نەبووە لە مێژووی پێشمەرگایەتی ئێمەدا، چوونکە ئێمە لە شۆڕشی گوڵان بە کەمترین پاڵپشتیی سەربازییەوە بەرەنگاری گەورەترین سوپای ناوچەکە بووینەوە."
لیوا خەمەت گوڕەتوویی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ڕژێم دەیویست لە دەشتی بەرازگر و گەلی ڕەش کۆتایی بە پێشمەرگە بێنێ، بەڵام ھێزەکانمان بەرەنگاری بوونەوە و سەرۆک بارزانی خۆی لەگەڵ پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕدا بوو، حکوومەتی ئەوکاتی عێراق زۆرترین ھێزی سەربازی و چەک و فڕۆکەی خستبووە ناوچەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێشمەرگە، تەنانەت کار گەیشتبووە ئەوەی ھەموو فەوجەکانی جاش لە سنووری پارێزگای ھەولێر بەرەو خواکورک گوازرانەوە."
لیوا خەمەت گوڕەتوویی جەختی کردەوە: "شەڕی خواکورکی زۆرترین ماوەی ھەبوو، لە ١٩ی تەمووز شەڕ دەستی پێ کرد تا مانگی ئەیلوول ھەر بەردەوام بوو، لە ئەنجامدا پێشمەرگە توانییان سەرکەوتنی گەورە بەدەست بێنن و سەدان سەرباز و فەرماندەی ڕژێم کوژران و چەکێکی زۆریش کەوتە دەست هێزی پێشمەرگە، لەبیرمە توانیمان سێ فڕۆکەش بشکێنین."
خەمەت گوڕەتوویی دەشڵێت: "داستانی خواکورک لە سێگوشەیەکی سنووریدا زیاتر لە مانگێکی خایاند و بە خوێنی ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمان کۆتاییی ھات، بەڵام بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان بزانن پێشمەرگە چی بەسەر ڕژێمی بەعس ھێناوە ئێستاش ئێسکوپرۆسکی سەربازانی عێراقی لەسەر چیای کۆڕاڤای دەڤەری خواکورک ماون."