TR KU SO
FB X
Kurdistan

مه‌سرور بارزانی: وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم زیانی چەندین ملیار دۆلاری بە گەنجینەی گشتی گەیاندووە

Rozan Ateş
Yazar
📅 12 Kasım 2023 21:56

پەیامی کورد... مه‌سرور بارزانی: وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم زیانی چەندین ملیار دۆلاری بە گەنجینەی گشتی گەیاندووە

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، زیانی چەندین ملیار دۆلاری بە گەنجینەی گشتی گەیاندووە و پێویستە لە زووترین کاتدا، هەناردەکردن دەست پێ بکاتەوە.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم، ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی تشرینی دووه‌می 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ و شاندێکی یاوەری کە لە بریکاری و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی‌ کۆمپانیای (سۆمۆ) پێکهاتبوو، کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی رێکار و هەنگاوەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا.

باسی له‌وه‌شكردووه‌، سەرۆکی حکومەت ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دووپات کردەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هێنانەکایەی لەیەکتێگەیشتنێکی هاوبەش بە ئاراستەی بەجێگەیاندنی پێداویستییە دارایی و تەکنیکییەکانی پرۆسەی هەناردەكردن و لە چوارچێوەی بنەما دەستووریی و گرێبەستەکان و رێزگرتن لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی سەرجەم لایەنەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ دەستەبەرکردنی خەرجیی‌ شایستەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم کە لەناو بودجەی حكومەتی فیدڕاڵ تەرخانکراویی پێویستی بۆ دانراوە.

ئه‌وه‌ش هاتووه‌، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، زیانی چەندین ملیار دۆلاری بە گەنجینەی گشتی گەیاندووە و پێویستە لە زووترین کاتدا، هەناردەکردن دەست پێ بکاتەوە. لەمبارەیەوە وەزیری سەرچاوە سروشتییەکانی هەرێمی راسپارد کە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ تیمی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بکەن کە بڕیارە بۆ چەند رۆژێک لە هەولێر بمێننەوە.

جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدڕاڵ، خواستی حکومەتی فیدڕاڵی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەربڕی و ئەم داوایەشی بە ناوی سەرۆکوەزیران و حکومەتی فیدڕاڵ خستەڕوو، ئەویش لە رێگای ده‌ستەبەرکردنی زەمینەیەکی لەباری هاوبەش لە چوارچێوەی دەستوور و لابردنی ئاستەنگ و لەمپەرەکانی بەردەم پرۆسەکە.

لە کۆتاییدا بڕیاردرا کە هەردوو وەزارەت درێژە بە گفتوگۆ و راگۆڕینەوەکان لەسەر وردەکارییە قانونی و دارایی و تەکنیکییەکان بدەن تاکوو بە لەیەکتێگەیشتنێکی هاوبەشەوە، چارەسەرەکان بخرێنەڕوو بە ئامانجی ئەوەی لە زووترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە کە رۆڵێکی بەرچاوی لە زیادکردنی سەرچاوەی داهاتی گشتی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و خەرجکردنەوەی بۆ بەرژەوەندی گشتی دەبێت.

Paylas: