TR KU SO
FB X
Kurdistan

ئەمریکا فڕۆکەی جەنگی ئێف 16 ڕەوانەی کەنداوی فارس دەکات

Rozan Ateş
Yazar
📅 15 Temmuz 2023 21:05

 


پەیامی کورد... ئەمریکا فڕۆکەی جەنگی ئێف 16 ڕەوانەی کەنداوی فارس دەکات


بەرپرسێکی باڵای بەرگری ئەمریکا ڕۆژی هەینی 15ی مانگی حەوت ڕایگەیاند ئەو وڵاتە فڕۆکەی جەنگی ئێف 16 ڕەوانەی کەنداوی فارس دەکات، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی (A-10) ی ئەمریکا بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتییەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی دەنگی ئەمریکا، ئەو بەرپرسە باڵایە گوتی "ئەمریکا فڕۆکەی جەنگی F16 لە ڕۆژانی کۆتایی ئەم هەفتەیەدا (شەممە و یەکشەممە، 15 و 16ی مانگی حەوت) ڕەوانەی کەنداو دەکات بۆ بەهێزکردن و پشتیوانی فڕۆکە هێرشبەرەکانی (A-10) کە زیاتر لە هەفتەیەکە لە کەنداو و تەنگەی هورمز خەریکی چاودێریکردنن."

بە وتەی ئەم بەرپرسە باڵایە کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، مەبەست لە ناردن و جێگیرکردنی فڕۆکەی جەنگی ئێف 16 بۆ ناوچەکە، مسۆگرکردنی کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوتە کە بە کەنداو و تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن.

گوتیشی ئەم کارەی ئەمریکا ڕەهەندەکانی چاودێریی سوپای ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا زیاتر دە کات و دەبێتە ڕێگرێک لە بەرامبەر کردەوە مەترسیدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا.

ئەم بڕیارەی ئەمریکا دوای ئەوە هات کە کۆماری ئیسلامی حەوتەی ڕابردوو دەستی بەسەر دوو کەشتی نەوتهەڵگر لە نزیک تەنگەی هورمزدا گرت و تەقەی لە یەکێکیان کرد.

بە پێی ڕاگەیەندراوی هێزی دەریایی ئەمریکا، کۆماری ئیسلامی دەستی بەسەر دوو کەشتی نەوتهەڵگردا گرتووە لە نزیک تەنگەی ستراتژیکی هورمز و تەنانەت تەقەی لە یەکێک لەوانە کردووە.

لە بەیاننامەکەی هێزی دەریایی ئەمریکادا هاتووە کە لە هەر دوو حاڵەتەکەدا کەشتییە دەریاییەکانی ئێران پاش وەڵامدانەوەی هێزی دەریایی ئەمریکا کشاونەتەوە و هەر دوو کەشتییە بازرگانییەکەش درێژەیان بە گەشتەکەیان داوە.

هێزی دەریایی ئەمریکا باس لەوە دەکات کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ئێران لانیکەم دەستی بەسەر پێنج کەشتی بازرگانیدا گرتووە و چەند کەشتییەکی دیکەی هەراسان کردووە و زۆربەی ئەو کردەوانەش لە تەنگەی هورمزدا ڕوویانداوە.

Paylas: