ئەمریکا هێزی زیاتر ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات
پەیامی کورد... ئەمریکا هێزی زیاتر ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا، هێزێکی زیاتری ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان کرد.
كۆلۆنێڵ بیل ئێربن وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا لەوبارەوە وتی: "بەمەبەستی پشتیوانیكردن لە ئاسایشی هێزەكانی هاوپەیمانی لە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا فەرمانی كرد بە گرتنەبەری چەند هەنگاوێك. لەو چوارچێوەیەشدا بۆ زیادكردنی دەوریەی فڕۆكەی جەنگیی بەسەر هێزەكانی ئەمریكا راداری سێنتینێڵ و بۆ پشتیوانیش لە سەربازانی ئەمریكا لە ناوچەی ئارامی سوریا، زرێپۆشی جەنگی برادلی رەوانە كران".
هەروەها باسی لەوەشكرد ئەو هەنگاوانە بەمەبەستی بەردەوامیدان بە هێزەكانی ئەمریكا لە بەرەنگاربونەوەی داعش گیراونەتەبەر و بە ئامانجی پاراستنی هێزی هاوپەیمانی گۆڕانكاریكراوە لەبارەی پێگەكانی هێزەكە لە ناوچەكەدا.
وتیشی "پێشتر وەزارەتی بەرگریی ئۆتۆمبێلەكانی برادلی رەوانەی سوریا كردوە. ئەمریكا بەدوای پێكدادانەوە نییە لەگەڵ هیچ وڵاتێكدا لە سوریا، بەڵام بەپێی پێویست هێزەكانی هاوپەیمانی دەپارێزێت".