ئەمریکا لە ناوچەکەدا داعش بە مەترسیی ڕاستەقینە دەزانێت
پەیامی کورد... ئەمریکا لە ناوچەکەدا داعش بە مەترسیی ڕاستەقینە دەزانێت
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای دیپلۆماسی و سەربازیی ئەمریکی بە سەرۆکایەتی دەینا سترول جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.
بەپێی ڕاگەیەنراوێک لە کۆبوونەوەکەدا سترول جەختی لە ڕوانگە و سیاسەتی ئەمریکا کردەوە کە پابەندە بە بەردەوامی پشتگیریی سیاسی و سەربازی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و برەودان بە کاری پێکەوەیی و هاریکاریی هاوبەشی نێوانیان، هەروەها پێزانینی وڵاتەکەی بۆ ڕۆڵ و قوربانییەکانی پێشمەرگە لەشەڕی دژی داعشدا دەربڕی.
لای خۆشیەوە نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیری و هاوکارییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆردا دووپات کردووەتەوە.
هەر لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتوە کە هەر دوو لا هاوڕا بوون لەسەر گرنگی و پێویستی هەنگاونانی لایەن و پێکهاتە عێراقییەکان بۆ دەرچوونی دۆخی سیاسی وڵات لە چەقبەستوویی و هاتنە کایەی حکومەتێک کە وەڵام دەرەوەی چاوەڕوانی هاووڵاتییان بێت و بتوانێت ڕووبەڕووی تەحەدییەکان بێتەوە، هەر لەمبارەیەوە جەخت لە گرنگی تەبایی و یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان و بەردەوامی گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر- بەغدا کرایەوە.
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا جموجۆڵ و پەلامارەکانی داعش لە ناوچە جیاکانی عێراق و سووریا بە هەڕەشەیەکی جددی و مەترسییەکی ڕاستەقینە لە قەڵەم دراون.