ئەمریکا کوژرانی سەرکردەیەکی داعشی لە سوریا راگەیاند
پەیامی کورد... ئەمریکا کوژرانی سەرکردەیەکی داعشی لە سوریا راگەیاند
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) کوژرانی سەرکردەیەکی داعشی بەناوی ئوسامە موهاجیر ڕاگەیاند، کە ڕۆژی هەینی لەڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە کرایە ئامانج.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی هەینی رابردو لەڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لەجۆری MQ-9 بۆردومانێک لە رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدراوە، بەڵام لەلایەن فڕۆکە روسیەکانەوە هەراسانکراوە و ماوەی نزیکەی دو کاتژمێر بەرامبەر بەیەکتر وەستاونەتەوە.
هیچ ئاماژەیەک نییە کە لەم هەڵمەتەدا هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی کوژرابێت
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕو، هیچ ئاماژەیەک نییە کە لەم هەڵمەتەدا هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی کوژرابێت، هاوپەیمانان سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی ڕاپۆرتەکانی قوربانیانی مەدەنین.
لەوبارەیەوە، ژەنەڕاڵ مایکل کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاندوە، "ئێمە بە ڕونی ئەوەمان ڕاگەیاندوە کە پابەندین بە تێکشکاندنی داعش لە سەرتاسەری ناوچەکەدا، داعش نەک هەر بۆ سەر ناوچەکە بەڵکو بۆ وڵاتانی دیکەش وەک هەڕەشەیەک دەمێنێتەوە".
باسی لەوەشکردوە، ئەو هەڵمەتە دەبێتە هۆی پەکخستن و تێکدانی توانای داعش بۆ پلاندانان و ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی، سەرەڕای ئەوەش ئۆپەراسیۆنەکانی فەرماندەیی ناوەندی دژ بە داعش لەگەڵ هێزەکانی هاوبەش لە عێراق و سوریا، بەردەوام دەبن بۆ گەیشتن بە هەمیشەیی شکستی چەکدارانی داعش.