TR KU SO
FB X
Kurdistan

نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی ئەمریکا جەخت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال دەکەنەوە

Rozan Ateş
Yazar
📅 14 Aralık 2022 19:30

پەیامی کورد... نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی ئەمریکا جەخت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال دەکەنەوە

پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ئالينا رۆمانۆوسكى، باڵيۆزى ئه‌مريكا له‌ عێراق كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوا سه‌ردانى نێچيرڤان بارزانى بۆ به‌غدا و ديدار و كۆبوونه‌وه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى وڵات، كارنامه‌ى حكومه‌تى فيدراڵى عێراق، كاركردن بۆ پته‌وكردنى په‌يوه‌‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و سيستمى فيدراڵى، گفتوگۆ و سه‌ردانە به‌رده‌وامەكانی ‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ دروستبوونى تێگه‌يشتنى هاوبه‌ش، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ كارى هاوبه‌شى نێوان هه‌ولێر ـ به‌غدا و لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى وڵات به‌گشتى كرده‌وه‌‌ و هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى پشتيوانيكردنى سه‌رۆك وه‌زيران و كابينه‌ى نوێى حكومه‌تى فيدراڵى عێراق‌، دۆخه‌كه‌شيان به‌ ده‌رفه‌تيك زانى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عێراق و جێبه‌جێكردنى كارنامه‌ى حكومه‌ت. هه‌روه‌ها گرنگيى جێبه‌جێكردنى ريككه‌وتنى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فيدراڵيى عێراقيان بۆ ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال و گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كان به‌ پێويست و گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا.

نێچيرڤان بارزانى دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ گرنگه‌ تێگه‌يشتن و روانگه‌يه‌كى هاوبه‌ش هه‌بێت بۆ چۆنيه‌تيى به‌ڕێوه‌بردنى وڵات و به‌ڕێوه‌بردنى سامان و ده‌وڵه‌مه‌ندييه‌كانى عێراق به‌ جۆرێك كار و خزمه‌تگوزاريى باشتر بۆ هاوڵاتيان دابين بكات و ببێته‌ هۆى ئارامى و سه‌قامگيرى و پاراستنى سه‌روه‌ريى وڵات.

گرنگيى پاراستنى ئاراميى سنووره‌كان و كاركردنى هاوبه‌شى هه‌ولێر ـ به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌، هه‌مه‌جۆركردنى سه‌رچاوه‌كانى وزه‌، هاندانى سه‌رمايه‌گوزارى و وه‌به‌ره‌هێنانى بيانى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، پرۆسه‌ى رێكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ و كێشه‌كانى به‌رده‌مى، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌، ته‌ورێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

Paylas: