گەندەڵییەکی گەورەی بەرهەم ساڵح ئاشکرا دەبێ
سیاسەتمەدار و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق " عیزەت شابەندەر " ڕایدەگەینێ سەلام سەعید قەزاز بریكاری پێشووی وەزارەتی كارەبای عێراق كە لەلایەن یەكێتییەوە داندرابوو، بڕی 24 ملیۆن دۆلاری وەك بەرتیل لە كۆمپانیای سیمێنسی توركی وەرگرتووە و لەگەڵ بەرهەم ساڵح بەشی كردووە.
شابەندەر كە پێشتر لەسەر لیستی هاوپەیمانی "عێراقییە"ی ئەیاد عەللاوی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق پەرلەمانتار بووە، ئەمڕۆ لە هەژماری تایبەتی خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك چەند بەڵگەیەكی لەسەر سەلام قەزاز بریكاری پێشووی وەزارەتی كارەبا لەسەر لیستی یەكێتی بڵاوكردووەتەوە.
پەرلەمانتارەكەی پێشووی عێراق نووسیویەتی "سەلام قەزاز بەرتیلە 24 ملیۆنیەكەی لە مامەڵەیەكی گوماناویدا لە كۆمپانیای سیمێنس وەرگرتووە، كە پەیوەندی بە كردنەوەی بریكارییەتی هەبووە لە عێراق، پارەكەشی بۆ خۆی و بەرهەم ساڵح و كەریم وەحید وەرگرتووە".
هەروەها شابەندەر باسی لە چەند وردەكارییەكی دیکە كردووە كە پەیوەندی بە ژیانی تایبەتی سەلام قەزازەوە هەیە، كە بەگوتەی ناوبراو، هاوسەری قەزاز كە پەیوەندییەكی هاوڕێیەتی بەهێزی لەگەڵ بەرهەم ساڵح دایە، لە مامەڵەی بەرتیل وەرگرتنەكە تێوەگلاوە.
پێشتریش ڕۆژنامەی " ئەلسەباح ئەلجەدید " ی عێراقی بڵاوی كردبووەوە كە دادگای ناوەندی تاوانی عێراق فەرمانی گرتنی بۆ سەلام قەزاز دەركردبوو بەتۆمەتی گەندەڵی و دزینی ماڵی گشتی، بەڵام ئەو لە ترسی گرتن ڕایكردووە بۆ سلێمانی، ئێستاش برایەكی سەلام قەزاز بەناوی سەلاح سەعید قەزاز " سەلاح چاوشین " هەڵسوڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕانە.