نزیكهی 500 ههزار زیارهتكاری ئێرانی له دهروازهی حاجی ئۆمهرانهوه دێنە نێو هەرێمی كوردستان
پەیامی کورد... نزیكهی 500 ههزار زیارهتكاری ئێرانی له دهروازهی حاجی ئۆمهرانهوه دێنە نێو هەرێمی كوردستان
بەڕێوەبەری گشتی دەستەی گەشتوگوزاری هەولێر رایدەگەیەنێت، ئامادەکاری تەواو بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکارانی ئێرانی بۆ بەشداریکردنیان لە چلەی ئیمام حوسێن کراوە، لێژنەی تایبەتمەنیش بۆ ئهو مهبهسته پێکهێنراوە.
لهمبارهوه، دلێر محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی دەستەی گەشتوگوزاری هەولێر راگەیاند؛ لە ١٨\٨\٢٠٢٣ هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن دەست پێدەکات، بۆ ئەم مەبەستەش پێش وەخت پارێزگاری هەولێر و پارێزگاری ورمییە کۆبوونەوەیان لەسەر ئەم بابەتە كردووه، لێژنەیەکی تایبەتمەن لە ئاستی باڵا بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکاران پێکهێنراوە.
گوتیشی، کاری ئەم لێژنە باڵایە ئەوەیە کە لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە پێشوازی لە زیارەتکاران دەکەن، دێن بۆ پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر و هەموو خزمەتگوزارییەکانیان بە سەرپەرەشتی ئەم لێژنە باڵایە بۆ دابین کراوە، تا ئەو کاتەی بەڕێ دەکەون بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، دوای تەواوکردنی زیارەتەکەیان، جارێکی دیکەش بە هەمان پرۆسیس پێشوازیان لێ دەکرێتەوە تا بەڕێکردنیان لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە بۆ نێو خاکی وڵاتەکەیان، ئەمەش بۆ ئەوەی بتوانین رووی گەشی حکومڕانی هەرێمی کوردستان پیشانی ئەوان بدەین.
بەڕێوەبەری گشتی دەستەی گەشتوگوزاری هەولێر ههروهها ئاماژهی بۆ ئهوهش كرد، چلەی ئیمام حوسێن گرنگییەکی ئێجگار زۆری لای زیارەتکارانی شیعە مەزهەب هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش ٤٠٠ تا ٥٠٠ هەزار زیارەتکاری ئێرانی لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە بۆ بەشداریکردن لەو رێورهسمهدا دێنه هەرێمی کوردستان و بە شاری هەولێردا بەرەو شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەڕۆن، هاتنی زیارەتکاران هەتا ناوەڕاستی مانگی ٩ی داهاتوو بەردەوام دەبێت.