کوژرانی ژنێکی ڕۆژهەڵاتی بە دەستی شووەکەی لە هەولێر
پەیامی کورد... کوژرانی ژنێکی ڕۆژهەڵاتی بە دەستی شووەکەی لە هەولێر
ژنێکی تەمەن ٢٣ ساڵی خەڵکی سەردەشت بە ناوی فاتمە زارعی ڕۆژی یەکشەممەی هەفتەی ڕابردوو ٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ لە شاری هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان لەلایەن شووەکەیەوە بە ناوی ئیسماعیل عەبدوڵڵامەنش بە چەقۆ کوژراوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی هەنگاو، تەرمی فاتمە زارعی کە خەڵکی سەردەشت بووە دوو ڕۆژ دوای کوژرانەکەی لە شاری قەڵادزێ سەر بە پارێزگای سلێمانی و بەبێ بەشداری بنەماڵەکەی و هەروەها بەبێ ئەوەی ڕێوڕەسمێکی بۆ بگیرێت ئەسپەردە کراوە.
ئیسماعیل عەبدوڵڵامەنش سێ ساڵ پێشیش کوڕێکی ٢٠ ساڵانی بە گومانی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ژنەکەی کوشتووە و ژنەکەشی بە چەقۆ بریندار کردووە.
فاتمە زارعی سێ ساڵ پێش و دوای ئەوەی لە نەخۆشخانە هاتووەتە دەرەوە، ڕووی لە شاری هەولێر کردووە و لەوێ سەرقاڵی کاری مۆدێلین بووە.
ئیسماعیل عەبدوڵڵامەنش دوای ئەوەی لە شوێنی نیشتەجێبوونی ژنەکەی ئاگادار بووە (گوندی لوبنانی) چووەتە هەولێر و بە لێدانی چەند چەقۆ لە ملی کوشتوویەتی. دوای تێپەڕینی یەک هەفتە لە کوژرانی ئەم ژنە گەنجە، پۆلیسی هەولێر هەتا ئێستا بە فەرمی هیچ شتێکی لەوبارەوە ڕانەگەیاندووە.
جێگای ئاماژەیە کە فاتمە (ژیلا) زارعی دایکی کوڕێکی ٤ ساڵانە بە ناوی (ئا. ع) کە خەسووی لە شاری ئورمیە سەرپەرشتی بە ئەستۆ گرتووە.