وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر ئیدانە دەکات
پەیامی کورد... وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر ئیدانە دەکات
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەڵوێستی خۆی بەرامبەر هێرشە مووشەکییەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر راگەیاند و پشتگیری بۆ هەوڵەکانی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی دووپات کردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 16/1/2024، ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بە توندی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر ئیدانە دەکەین و سەرەخۆشی بۆ کەسوکاری قوربانییەکان دەنێرین.
ماتیۆ میلەر ئاماژەی بەوەش کردووە، دژی هێرشە مووشەکییە بێبنەماکانی ئێرانین، کە دەبنە هۆی ناسەقامگیرکردنی عێراق و پشتگیری بۆ هەوڵەکانی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی دووپات کردەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاندراوێكی لەبارەی هێرشە مووشەكییەكانی سەر هەولێر بڵاو كردەوە، تێیدا هاتبوو: "کاتژمێر 11:30ی شەوی 15 لەسەر 16ی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستیکی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی هەولێری بۆردومان کرد، بەداخەوە بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید و 6 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ڕەوشی تەندروستیی هەندێك لە بریندارەکان ناجێگیرە."
ئەوەش خرابووە ڕوو: "سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە، ئەم هێرشە بۆ سەر چەند پێگەیەکی گرووپە دژبەرەکانی ئێران بووە، ئەم بیانووە بێبنەمایە و ڕەتی دەکەینەوە، بەداخەوە هەمیشە بیانووی بێبنەما بۆ هێرشکردنە سەر هەولێر بەکار دێنن و هەولێر وەک دەڤەرێکی سەقامگیر هیچ کات سەرچاوەی هەڕەشە نەبووە بۆ سەر هیچ لایەنێک."
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان جەختی لەوەش كردەوە: "ئەمە پێشێلکردنێکی ئاشکرای سەروەریی هەرێمی كوردستان و عێراقە و پێویستە حکوومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو تاوانە بێدەنگ نەبن."
هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا، هێرشەكەی سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆ سەر هەولێر شەرمەزار كرد و داوای لە حكوومەتی فیدڕاڵی كرد، هەڵوێستی توندیان بەرامبەر بەم پێشێلكارییە هەبێت و ڕایگەیاند: "جارێکی دیکە هەولێری سەربەرز کرایەوە ئامانجی هێرشی موشەکیی سوپای پاسدارانی ئێران، بەداخەوە لە ئەنجامی ئەم هێرشە بێ پاساوە، شەهید و برینداری سڤیل هەیە. "
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتیشی: "داواکارم لە خوای گەورە، شەهیدەکان بە بەهەشت شاد بکات و بریندارەکان هەرچی زووتر چاک ببنەوە. بە توندی ئەم تاوانە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان شەرمەزار دەکەم."
مەسرور بارزانی لە پەیامەكەیدا داوای لە حکوومەتی فیدراڵی كرد: "هەڵوێستی توندیان هەبێت بەرامبەر بەم پێشێلکارییەی دەکرێتە سەر سەروەریی عێراق و بە تایبەتی هەرێمی کوردستان."
سەرۆكی حكوومەت هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد: "لەسەر ئەو ستەمکارییەی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دەکرێت، بێنە دەنگ، لە ڕۆژانی داهاتوودا"، ڕاشیگەیاند: "لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبین لە پێناو کۆتاییهێنان بەم هێرشە دڕندانانەی دەکرێنە سەر خەڵکی بێتاوانی کوردستان."