وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان لە بارەی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش کۆبوونەوە
پەیامی کورد... وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان لە بارەی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش کۆبوونەوە
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسی ڕاوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان لە عێراق لەبارەی دانانی پلانی سەربازی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش کۆبوونەوە.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی حوزەیرانی 2022، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و ژەنەراڵ دۆسێج، بەرپرسی ڕاوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان لە عێراق لەبارەی دوایین گۆڕانکارییە سەربازی، ئیداری، پرۆسەی چاکسازی، یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کۆبوونەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە ڕاشیگەیاندووە، لەمیانی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان جەخت لە پەیوەندییەکان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق، بە مەبەستی هەماهەنگی زیاتر و دانانی پلانی سەربازی هاوبەش لە نێوان هەر دوو لادا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە ناوچەکەدا، کرایەوە.
ئەوەش خراوە ڕوو، "ستایشی ڕۆڵی بەرچاوی هێزەکانی هاوپەیمانان کرا، بەردەوام و دڵسۆزانە خزمەت بە هێزی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان دەکەن و پاڵپشتی بەردەوامی وەزارەتی پێشمەرگەن بۆ دروستبوونی هێزێکی نیشتمانی لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا".
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ژەنەراڵ دۆسێج، دڵخۆشی خۆی لە بەردەوامی پرۆسەی چاکسازی، یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە دەربڕی، پشتیوانی هێزەکانی هاوپەیمانانیشی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپات کردەوە.