پەرلەمانتارێکی کورد کۆڵبەران تۆمەتبار دەکات بە "قاچاخی چەک و مەشرووب"
پەیامی کورد... پەرلەمانتارێکی کورد کۆڵبەران تۆمەتبار دەکات بە "قاچاخی چەک و مەشرووب"
نوێنەری خەڵکی بانە و سەقز لە مەجلیسی شوورای ئیسلامیی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ "تەسنیم"، ئاژانسی هەواڵی سەر بە سوپای پاسداران، کۆڵبەرانی تۆمەتبار کرد بە قاچاخی چەک و مەشرووب.
"بێهزاد ڕەحیمی" ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ قسەی بۆ پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی تەسنیم کرد لە شاری سنە و وتی: "دیاردەی کۆڵبەری زۆر ئاڵۆزترە لەوەی پێوە دیارە، کۆڵبەری تەنیا تایبەت نییە بە پارێزگای کوردستان بەڵکوو لە هەموو پارێزگاکانی سنووری ڕۆژئاوای ئێراندا هەبوونی هەیە."
ڕەحیمی لە بەردەوامیدا بانگەشەی ئەوەی کرد، "کۆڵبەران چیدی تەلەڤزیۆن و ساردکەرەوە ناگوازنەوە چونکە ئەم کاڵایانە چیتر هاوردە ناکرێن، ئەمڕۆکە کۆڵبەران بۆ مەبەستگەلی دیکە وەکوو قاچاخی چەک و مەشرووب بەکار دەهێنرێن."
ئەو پەرلەمانتارەی مەجلیسی ئێران هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد، کەسانی تایبەت و دەست ڕۆیشتوو پارەی خەیاڵی دەدەنە گەنجانی بێکار بۆ ئەوەی کاڵاکانیان لە سنوور بپەڕێننەوە.
بێهزاد ڕەحیمی بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەو بانگەشە و تۆمەتانە بخاتە ڕوو، لە درێژەی قسەکانیدا وتی، جاری وایە یەک کۆڵبەر بە شەوێک ئەوەندەی مانگێک پارەی دەست دەکەوێت و بۆیەشە دەستبەرداری کۆڵبەری نابێت.
ڕەحیمی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی، ئەو کەسایەتییە دەست ڕۆیشتووانە بەناوی کۆڵبەرەوە قاچاخی گەورە دەکەن و دوایەش بە بانگەشەی کوشتنی کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکان لەدژی کۆماری ئیسلامی پڕوپاگەندە دەکەن، لە کاتێکدا لە پارێزگای کوردستان شتی وا ڕوو نادات و ئەمانە دوورن لە ڕاستی."