پارتی وەک جەستەیەکی یەکگرتوو ماوەتەوە بۆیە دەنگی زیاترە لە هەموو لایەنەکان
بەرپرسی ڕاگەیاندنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی ڕایدەگەینێت، حزبەکەی لە ناو بازنەی ئەو گۆڕانکارییەدا نییە، کە بەسەر دەنگی لایەنەکان دێ لە سلێمانی، دەشڵێت “لە سلێمانی و هەرێمی کوردستانیش دەنگەکانمان لەهەڵکشان و زیادبووندایە”.
بڕیارە ١٢-٥-٢٠١٨، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لە سەرجەم پارێزگاکان بەڕێوەبچێت، چاوەڕواندەکرێت دەنگی کورد بەگشتی لەم هەڵبژاردنە کەم بکات، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، دروستبوونی هێزە نوێیەکانی کوردستان، ڕەنگە گۆڕانکاری بەسەر دەنگی لایەنە کوردستانیەکان بێنێت، بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی.
لە لێدوانێکی تایبەتدا، شێخ عەتا بەرپرسی ڕاگەیاندنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی، سەبارەت بە دەنگی حزبەکەی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند “پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناو بازنەی ئەو گۆڕان کارییەدا نییە، کە بەسەر دەنگی لایەنەکان دێ لە سلێمانی، چوونکە پارتی هیچ لق و پۆپێکی لێ جیانەبووەتەوە، وەک هێزە سیاسیەکانی دیکە.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی، دەڵێت “پارتی وەک جەستەیەکی یەکگرتوو ماوەتەوە و دەنگدەرەکانی خۆشی هەر ماوە، جگە لەوەش پارتی هێزێکی خاوەن ستراتیجە و خەڵک دەنگ بەستراتیجی پارتی دەدات، پارتی پڕۆژە و پەیامی هەیە بۆ ئایندەی سیاسی لە عێراقدا، بەپێچەوانەوە لایەنەکانی دیکە ئەوەی هەیانە دژەکردەوەیە لەسەر بەرنامەکەی پارتی”.
هەروەها شێخ عەتا گوتی “پارتی خاوەنی پڕۆژە و ستراتیجی و پەیامی نەتەوەییە، هێزەکانی دیکە بە پێچەوانەی ئەوەن، بۆیە خەڵک هۆشیارە بەتایبەت لە سلێمانی، پێمان وایە، ڕێژەی دەنگەکانی پارتی سەردەکەوێت، لەبەر ئەوە دیارە پارتی لەماوەی ڕابردوودا لەپێشەوەی سەنگەری پاراستنی کوردستان بووە، هەروەها لەپێشەوەی شکاندنی ئەو تەحەدییە هەرێمی و ناو خۆییانە بووە، کە ڕووبەڕووی پڕۆسەی سیاسی، دیموکراسی و ئازادییەکانی خەڵک لە هەرێمی کوردستان بووەتەوە”.
ئەو پەرپرسەی پارتی لەسلێمانی جەختیشیکردەوە لەوەی، کە حیزبەکەی هێزی یەکەم و دەنگی یەکەمە لە هەرێمی کوردستان، دەشڵێت “دڵنیاین لەوەی، کە پارتی وەک هێزی یەکەم دەمێنێتەوە، لە سلێمانی و هەرێمی کوردستانیش دەنگەکانمان لە هەڵکشان و زیادبووندایە”.