TR KU SO
FB X
Kurdistan

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هێرشی مووشەکی بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا مەحکووم کرد

Rozan Ateş
Yazar
📅 21 Aralık 2020 14:45

پەیامی کورد ... سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هێرشی مووشەکی بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا مەحکووم کرد

 

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی‌ كوردستان لە راگەیه‌ندراوێکدا ئیدانه‌ی‌ هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردوو دەکات کە کرایە سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا لە ناوچەی سەوزی بەغدا.

 

لە راگەیه‌ندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: "ئیدانه‌ی‌ هێرشه تیرۆرستییه‌‌كه‌ی‌ ئه‌مشه‌و (شەوی رابردوو)ی سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ به‌غدا ده‌كه‌ین".

 

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە: "دووباره‌بوونه‌وه‌ و به‌رده‌وامیی‌ ئه‌م جۆره‌ هێرشانه‌ بۆ سه‌ر نێرده‌ دیپلۆماتییه‌كان و نوێنه‌رایه‌تیی‌ وڵاتان، دژی‌ به‌رژه‌و‌ه‌ندییه‌كانی‌ عیراق و سه‌روه‌ریی‌ وڵاتن، هه‌روه‌ها دژی‌ یاسای‌ نێوده‌وڵه‌تین و ئه‌نجامی‌ خراپیان لێده‌كه‌وێته‌وه‌، په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ عیراقیش له‌گه‌ڵ وڵاتان ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌كی‌ راسته‌قینه‌وه‌".

 

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە ئه‌ركی‌ حكومه‌تی‌ عیراقی دەزانێت‌ كه‌ ئاسایش و سه‌لامه‌تیی‌ نێرده‌ دیپلۆماتییه‌كانی‌ وڵاتان و سه‌ر و ماڵی‌ هاووڵاتیان بپارێزێت و هه‌موو رێكارێكی‌ پێویست بگیرێته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و هێرشانه‌ دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌ و ئه‌نجامده‌رانی‌ بدۆزرێنه‌وه‌ و بدرێنه‌ دادگا و به‌ سزای‌ خۆیان بگه‌یه‌ندرێن.

 

شەوی رابردوو هەشت مووشەک ئاڕاستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوز کران، مووشەکەکان لەنێو کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی قادسیە کەوتوونەتەخوارەوە.

 

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عیراق رایگەیاند: "جگە لە بەرکەوتنی زیانی ماددی بە ژمارەیەک ماڵ و باڵەخانە، زیان بە 14 ئۆتۆمبێلی مەدەنی و موەلیدەی کارەبایی و کەرەڤانەش کەوتوون".

 

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە راگەیه‌ندراوێکدا هێرشە مووشەکییەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و دەڵێت، هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لە باڵیۆزخانەکە نەکەوتووەتەوە.

 

هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە، راپۆرتیان پێگەیشتووە لەبارەی کەوتنەوەی زیان لە شوێنەکانی نیشتەجێبوون لە نزیک باڵیۆزخانەکە و لەوانەیە چەند هاووڵاتییەکی مەدەنی بەهۆی هێرشەکانەوە برینداربووبن.

 

باڵیۆزخانەی ئەمریکا باسی لەوە کردووە، چەندینجار ئەوەیان وتووە کە ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر بنکە دیپلۆماسییەکان پێشێلکاریی یاسای نێودەوڵەتی و هێرشی راستەوخۆن بۆ سەر سەروەریی حکومەتی عیراق، داواش لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی عیراق و سەرکردەکان لە حکومەت دەکات هەنگاو بگرنەبەر بۆ رێگری لەو هێرشانە و ئەوانەی بەرپرسیارن بەسزا بگەیه‌نن.

Paylas: