پەیامی کورد ... بەیایاننامەی وەزارەتی پێشمەرگە دوای شەهید بوونی دوو پێشمەرگە لە پردێ
وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان شەوی ڕابردوو راگەیەندراوێکی سەبارەت بە هێرشەکەی ئەمشەو داعش بۆ سنگەرەکانی پێشمەرگە لە سنووری شارۆچکەی پردێ بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاند کە بە بازووی هێزی پێشمەرگە ئەفسانەی سەرهەڵدانەوەی داعش پوچەڵ دەكەنەوە، ئاشکراشی کرد کە لە ئەنجامی هێرشەکەدا دوو پێشمەرگە شەهید بوونە.
لە راگەیەندراوەکە کە وێنەیەکی دەستی پەیامی کورد کەوتووە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندووە کە "ئەمشەو ۳۰ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۱، لە ئەنجامی پەلامارێكی ترسنۆكانەی تاریكپەرستان و تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سەنگەرەكانی لیوای ۱۰ی پیادە لە سنووری شارۆچكەی پردێ، لە ساتی راوەدوونان و بەرپەرچدانەوەی ئەو تیرۆریستانە، دوو پێشمەرگەی نەبەرد و ئازای سەر بە لیوای ۱۰ی پیادە وەزارەتی پێشمەرگە بە ناوەكانی (خالید حەمید ھەیاس، ئاکۆ کەریم قادر) شەهید بوون".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە "پرسە و سەرخۆشیی خۆمان ئاراستەی خانەوادەو كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان دەكەین و هاوخەمی و هاوسۆزی خۆمان بۆ خانەوادەو هاوسەنگەرانی دووپاتدەكەینەوە، بە خەڵكی كوردستان رادەگەیێنین، وەك هەمیشە هێزی گیانفیدای پێشمەرگە لە ئامادەسازی و ئامادەباشی تەواودایە بۆ بەرگریكردن لەخاك و خەڵكی كوردستان".
وەزارەتی پێشمەرگە جەختیشکردووەتەوە "لەكاتێكدا، چەندین جار هۆشداریمان داوە لەسەر خۆڕێكخستنەوەی شانە نوستوەكانی داعش و سەرهەڵدانەوەیان، بەم كارە چەپەڵ و ترسنۆكانەشیان ناگەنە هیچ ئامانجێك و بەبازووی هێزی پێشمەرگە ئەفسانەی سەرهەڵدانەوەشیان پووچەڵدەكەینەوە، ئەمەش بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و سوپای عیراق و هێزەكانی هاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی دژ بەداعش".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە