پەیامی کورد... بوومەلەرزەیەکی دیکە ژاپۆنی هەژاند
بوومەلەرزەیەکی دیکەی بەهێز ناوچەی ئیشیکاوای لە ژاپۆن هەژاند و کۆی ژمارەی گیانلەدەستدان لەو وڵاتە گەیشتە 57 کەس.
ئاژانسی بوومەلەرزەزانیی نیشتیمانیی ژاپۆن رایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.5 پلەی رێختەر، ناوچەی ئیشیکاوای لە ژاپۆن هەژاند، بەڵام هیچ ئاگادارکردنەوەیەک لە مەترسی روودانی تسۆنامی بڵانەکراوەتەوە.
ئاژانسەکە راشیگەیاندووە، بوومەلەرزەکە کاتژمێر 1:50 خولەکی شەو بەکاتی ئەوروپا روویداوە و چەقی بوومەلەرزەکەش 10 کیلۆمەتر لەژێر زەریاکانەوە بووە.
بەگوێرەی هەواڵێکی تەلەفزیۆنی NHK نیشتیمانیی ژاپۆن، تا ئێستا لانیکەم 57 کەس بەهۆی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی ژاپۆنەوە گیانیان لەدەستداوە و دانیشتوانی ناوچەکانی واجیما، سوزو و نیمچە دوورگەی نۆتۆ چەندین باڵەخانە رووخاون و خاپوور بوون، بەشێکیشیان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە ئاگریان گرتووە.
ناوچەکە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا و لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێدا توشی زنجیرەیەک بوومەلەرزەی وێرانکەر بوویەوە کە بەهێزترینیان بە گوڕی 7.5 پلەی رێختەر مەزندەکرا و ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە