یەکێتی عەرەب: ئێران و تورکیا هەوڵی زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی سەفەوی و عوسمانی دەدەن

یەکێتی عەرەب: ئێران و تورکیا هەوڵی زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی سەفەوی و عوسمانی دەدەن

 پەیامی کورد ... یەکێتی عەرەب: ئێران و تورکیا هەوڵی زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی سەفەوی و عوسمانی دەدەن

 

سکرتێری گشتی لوتکەی عەرەبی یان یەکێتی عەرەب، ڕایگەیاند، ئێران و تورکیا لەناو وڵاتە عەرەبییەکاندا بەدوای هەژمونی خۆیانەوەن و ئەوەش خەونی زیندوکردنەوەی ئیمپراتۆرییەکانی پێشوتریانە.

 

ئەحمەد ئەبولغەیز، سکرتێری گشتی لوتکەی عەرەبی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی میسری “الاهرام” دوێنێ 25 ی کانونی یەکەم، ڕایگەیاندووە، “ئێران و تورکیا لە ڕێگەی پەیداکردنی گروپی نزیک لە خۆیان و بەکاریگەری ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی، دەستوەردان لە وڵاتە عەرەبییەکاندا دەکەن”.

 

 

 

سکرتێری گشتی لوتکەی عەرەبی ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئێستا بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی دۆخێکی هەستیاریان هەیە بەهۆی وڵاتە دراوسێکانیانەوە و هەوڵی ئێران و تورکیاش بۆ تەواو داگیرکردنی وڵاتانی عەرەبییە، ئەم هەوڵە لە ئایندەشدا بەردەوامی دەبێت”.

 

بە وتەی ئەحمەد ئەبولغەیز، ئێران ئێستا هەڕەشەی جدییە بۆسەر چەندین وڵاتی عەرەبی و تێکچون و نا سەقامگیری ئەو وڵاتانە پەیوەندی بە بونی ئێرانەوە هەیە، وەک وڵاتانی عێراق و یەمەن و سوریا و لوبنان، دوای ئەم وڵاتانەش ئێران مەترسییە بۆسەر ناوچەکە.

 

سکرتێری لوتکەی عەرەبی پێی وایە وڵاتانی عەرەبی ئیتر دەبێت یەکبگرن بەرامبەر مەترسی و هەڕەشەکانی تاران لە وڵاتە عەرەبییەکان، هەرچەندە پێشتریش هەوڵ هەبووە بۆ ئەم ڕێگرییە.

 

لوتکەی عەرەبی پێشتر چەندجارێک داوای کردبوو چەکدارانی نزیک لە ئێران لە سوریا و یەمەن بچنە دەرەوە.

 

لە دوای ئێران ئەحمەد ئەبولغەیز، بە توندی ئیدانەی هەوڵەکانی تورکیای کرد وەک دەستوەردان لە وڵاتانی عەرەبی لەوانە لیبیا و سوریا، کە هێزی سەربازی لەم دوو وڵاتەدا هەیە.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە