پەیامی کورد ... نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە کە هەرێمى کوردستان ئامادەى هەموو هاوکارییەکە بۆ ئارامى و سەقامگیری عێراق و ڕایگەیاند دۆخى عێراق و خۆپیشاندان و ڕووداوەکان لە بەغدا و پارێزگاکانى دیکەى ووڵات، کاریگەرییان لەسەر هەرێمى کوردستان دەبێت، هەروەها هاوکاریى ئەمریکا و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان بە پێویست زانى.
لە کۆبوونەوەیهکدا لەگەڵ ڕۆبێرت کارەم، ڕاوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیى لە سێناتى ئەمریکى و شاندى یاوەرى، ئەمڕۆ یەکشەممە 24/11/2019 لە هەولێر، نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان جەختى لەوە کردەوە کە هەرێمى کوردستان دەیەوێت هەموو کێشەکانى لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵى عێراق لە ڕێگەى دیالۆگ و لێکگەیشتن لەسەر بنەماى دەستوورى عێراق چارەسەر بکات.
لە کۆبوونەوەکەدا کە باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق ئامادەى بوو، هەردوولا دوایین پێشهاتەکانى عێراق و ناوچەکە و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکانیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە پێویستی عێراق بە ئارامى و سەقامگیری سیاسى و ئەمنى و تێگەیشتنى درووست لە داوا ڕەواکانى خۆپیشاندەران و خۆدوورگرتن لە تووندوتیژى کردەوە.
دۆخ و پێشهاتەکانى ناوچەکە بەگشتى و مەترسی سەرهەڵدانەوەى تیرۆر و چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەى، ڕەوشى ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمى کوردستان، هەروەها چەند پرسێکى دیکەى مایەى بایەخى هەردوولا، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە