پەیامی کورد... تەندروستیی جیهانی: بەهۆی بومەلەرزەکەی تورکیاوە 26 ملیۆن کەس زیانیان بەرکەوتووە
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرەی کە لەم هەفتەیەدا تورکیا و سوریای گرتەوە، گەیشتووەتە نزیکەی 26 ملیۆن کەس، هۆشداریشیدا لەوەی کە دەیان نەخۆشخانە زیانیان بەرکەوتووە و ناتوانن بە هانای بریندارانەوە بچن.
لەمبارەیەوە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند: تا ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە 25 ملیۆن و 600 هەزاری تێپەڕاندووە، رێکخراوەکە هەڵمەتی کۆکردنەوەی 42.8 ملیۆن دۆلاری بۆ پێداویستیی تەندروستی و هاوکارییەکانی دیکەی زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکە دەستپێکردووە.
هاوكات ڕێکخراوەکە پێشتر 16 ملیۆن دۆلاری لە سندوقی فریاگوزاریی بەپەلەی رێکخراوەکە پێشکەشکردووە، بەپێی رێکخراوەکە ژمارەی قوربانییەکان 15 ملیۆنیان لە تورکیا و 11 ملیۆن لە سوریان.
زیاتر لە پێنج ملیۆن لەوانە لە ڕیزبەندی هەرە لاوازەکان دادەنرێت ، لەنێویاندا نزیکەی 350 هەزار کەسی بەساڵاچوو و زیاتر لە ملیۆنێک و 400 هەزار منداڵیشیان تێدا هەن.
بەپێی خەمڵاندنەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، زیاتر لە 4 هەزار باڵەخانە لە بوومەلەرزەکەدا رووخاون و نزیکەی 15 نەخۆشخانە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە.
لە سوریا لانیکەم 20 هەزار دامەزراوەی تەندروستی لە باکووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە کە چوار نەخۆشخانەیان تێدایە، زیانیان بەرکەوتووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە