پەرلەمانتارێکی پارتی لە عێراق : کورد دەیان پۆستی دیکە لە حکوومەتی عێراق وەردەگرێت

پەرلەمانتارێکی پارتی لە عێراق : کورد دەیان پۆستی دیکە لە حکوومەتی عێراق وەردەگرێت

پەیامی کورد      ...   پەرلەمانتارێکی پارتی لە عێراق : کورد دەیان پۆستی دیکە لە حکوومەتی عێراق وەردەگرێت

مۆستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق خەریکی پڕکردنەوەی پۆستەکانی حکوومەتەکەیەتی و نوێنەرێکی کوردیش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دەیان پۆست ھەن کە پشکی کوردن و لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕ دەکرێنەوە.

شێروان جەمال، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: "پێشتر لە سەردەمی عادل عەبدۆلمەھدی لیژنەیەک بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستەکان و دیاریکردنی ڕێژەی ھەر پێکھاتەیەک لەنێو حکوومەتی عێراق پێک ھاتبوو، بەڵام بەھۆی ڕەوشی عێراقەوە پڕۆسەکە دواکەوت و ڕاگیرا، ئێستا کار لەسەر دابەشکردنەوەی پۆستەکان دەکرێت و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەپێی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو پۆستەکانی نێو حکوومەتەکەی بەسەر پێکھاتەکان و لایەنە سیاسییەکاندا دابەش دەکات."

پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: "پشکی کوردیشی تێدایە و من پێشبینی دەکەم بە ڕێژەی ١٣% بەر کورد بکەوێت ھەرچەندە مافی ئێمە بەپێی ڕێککەوتنەکانی پێشوو لەسەدا ١٧یە. پێویستە لە ھەموو دامەزراوە و وەزارەتەکان پشکی کورد دیاری بکرێت و بە کوردێک پڕ بکرێتەوە."

شێروان جەمال ڕوونی کردەوە: "لەنێو کورد ژمارەیەکی بەرچاو پۆست بەر پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەون، ئەویش بەھۆی ڕێژەی کۆرسییەکانی لە پەرلەمانی عێراق، ئێمەی کورد وەکو پێکھاتەیەکی سەرەکیی عێراق لە زۆر بواردا بێبەش کراوین، بۆ نموونە لە کەرتی سەربازی و ئەمنی ڕێژەی کورد زۆر کەم بووەتەوە، بەڵام ئەم جارە ھەموو پۆستەکانی کورد پڕ دەکرێنەوە و بەپێی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان دەیان پۆست بەر کورد دەکەون."

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە