پەیامی کورد... هۆشداری دەدرێت، جیهان لە لێواری جەنگی جیهانی سێیەمدایە
سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمریکا داوای لە هێزەکانی لە ئەورووپا کردووە ڕێگری بکەن لە ڕوودانی هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان هێزە گەورە جیهانییەکان دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا.
لەمبارەیەوە ژەنەراڵ مارک مێڵی سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمریکا لە گەشتێکدا بۆ ئەورووپا دووپاتی کردەوە واشنتن پشتیوانی لە خۆرهەڵاتی ناتۆ دەکات دژی هێرشەکانی ڕووسیا.
ناوبراو لە بنکەی سەربازی ئاسمانی نزیک باشووری ڕۆمانیا ڕایگەیاند کە بە دڵنیاییەوە پێویستە دڵنیایی بوونی توانای خێرا وەڵامدانەوە بکەین، هێزی خۆمان نیشان بدەین، پشتیوانی ناتۆ بکەین، بۆ ڕێگری لە هەر دەستدرێژییەکی نوێی ڕووسیا و ڕێگری لە هەڵگیرسانی جەنگی نێوان زلهێزەکان.
حکومەتی ئۆکراینا لە زاری سەرۆکەکەیەوە چەند جارێک داوای لە ئەمریکا و خۆرئاوا کردووە، ناوچەی دژە فڕین بسەپێنن لە ئۆکراینا بەڵام داواکارییەکەی ڕەتکراوەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان بڕیارە ئەمڕۆ لە ئەمریکا تاوتوێی داواکارییەکەی کیێڤ بکرێت بۆ سەپاندنی ناوچەی دژە فڕین، بەڵام لە ناوخۆی ئەمریکاوە هۆشداری توند دراوە لەم بڕیارە، چونکە ناوچەی دژە فڕین واتە خستنەخوارەوەی فڕۆکەی ڕووسیا، ئەمەش واتای گەورەبوونی جەنگەکە و فراوانبوونی بۆ هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی سێیەم دێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە