نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکی بەبۆنەی 8ی مارس رۆژی جیهانی ئافرەتانەوە بڵاوکردەوەو کوشتنی ژینا ئەمینی بۆ توندتیژی جەستەیی ئێران گەڕاندەوە.
لە ڕاپۆرتەكەدا نەتەوە یەکگرتووەکان بە شێوەیەکی فەرمی هۆکاری گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ئەیلولی ساڵی 2022 خستە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بەهۆی توندتیژی جەستەییەوە گیانی لەدەستداوە.
لە راپۆرتی دەرخستنی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاماژەبەوەكراوە، ژینا ئەمینی بەهۆی ئەشکەنجەو ئازارەوە لەلایەن ئێرانەوە گیانی لەدەستداوەو کوشتنی ئەو کچە کوردەی بە "تاوان دژ بە مافی مرۆڤ" ناوبرد.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو راپۆرتانەی ئێران رەتدەکاتەوەو، جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەوان گەیشتوون بەو ئەنجامەی كە بەكارهێنانی تووندوتیژی لە كاتی دەستبەسەركردنیدا، بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی، هەر بۆیە داوای لێكۆڵینەوەی راست و دروستی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی دەکەن.
لیژنەی دەرخستنی راستییەکان دەشڵێت 550 کەسی ناڕازی لە رووداوی دوای ژینا ئەمینی کوژراون کە مناڵ و ژنی تێدایە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژەبەوەشکراوە کە لە ئێران مافی مرۆڤ پێشێل دەکرێت و تاوانی کوشتن، زیندانیکردن، ئەشکەنجە و دەستدرێژی و فۆڕمە جیاوازەکانی دەستدرێژی سێکسی، ئازار و ئەشکەنجەدان و بێ سەروشوێنکردن لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە ئەنجام دەدرێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە