سەرۆكی ڕووسیا بە سەردانێكی دوو ڕۆژە دەگاتە كۆریای باكوور، ئەمەش یەكەم سەردانی پۆتینە لە ماوەی (24) ساڵی ڕابردوودا.
ئاژانسی هەواڵی ناوەندی كۆریای باكوور ڕایگەیاند، (ڤلادیمێر پۆتین) ئەمڕۆ لەسەر بانگهێشتی (كیم جۆنگ ئون) سەردانی وڵاتەكەیان دەكات، ڕووسیاش لە ڕاگەیەندراوێكدا سەردانەكەی پۆتینی پشتڕاستكردەوە.
چاوەڕوان دەكرێت پۆتین لەگەڵ سەرۆكی كۆریای باكوور كیم جۆنگ ئون كۆببێتەوەو لە وتووێژەكاندا تیشك دەخرێتە سەر فراوانكردنی هاریكارییە سەربازییەكان لە كاتێكدا هاوپەیمانێتییەكەیان قووڵتر دەكاتەوە لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەكانیان لەگەڵ واشنتۆندا.
سەردانەكەی پوتن لە كاتێكدایە كە نیگەرانییە نێودەوڵەتییەكان لە زیادبووندان سەبارەت بە ڕێككەوتنی چەك كە تیایدا كۆریا تەقەمەنی زۆر دەدات بە مۆسكۆ بۆ شەڕ لە دژی ئۆكرانیا، لە بەرامبەر هاوكاری ئابووریی و گواستنەوەی تەكنەلۆژیا، كە مەترسییەكانی چەكی ئەتۆمی و بەرنامەی مووشەكی كیم زیاتر دەكات.
هاوكارییە سەربازیی و ئابووریی و هاوكارییەكانی دیكەی نێوان كۆریای باكوورو ڕووسیا بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە لەو كاتەوەی كیم لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا سەردانی ڕۆژهەڵاتی دووری ڕووسیای كردو لەگەڵ پۆتین كۆبۆتەوە، ئەمەش یەكەم كۆبوونەوەیان بوو لە پاش ساڵی (2019) ەوە، ئەم سەردانەی پۆتینیش لە پاش (24) ساڵ دەبێتە یەكەم سەردانی بۆ كۆریای باكوور.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە