ڕاگەێندراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجوومەنی ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان

ڕاگەێندراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجوومەنی ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان
پەیامی کورد    ...   ڕاگەێندراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجوومەنی ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان

ھەردوو ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری عێراق و ئەنجوومەنی ئابووری ھەرێمی کوردستان ڕاگەێندراوێکی ھاوبەشیان سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی دوو ڕۆژی ڕابردوویان لە شاری ھەولێر بڵاوکردەوە.

ئەمەی خوارەوە دەقی ڕاگەیندراوە ھاوبەشەکەی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری عێراق و ئەنجوومەنی ئابووری ھەرێمی کوردستانە:

ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری لە ماوەی دوو ڕۆژدا، کۆبوونەوەی ئاسایی بیست و ھەشتەمینی خۆی لەگەڵ ئەنجوومەنی ئابووری ھەرێمی کوردستان لە شاری ھەولێر سازکرد.

لە ماوەی دوو ڕۆژی کۆبوونەوەکاندا، کۆمەڵێک بابەتی جێی بایەخی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کەشێکی ڕاشکاوانە و ئەرێنیدا تاوتوێ کران، کە ھەندێکیان بڕیاری ھەنووکەییان لەبارەوە درا و ئەوانی تریش ڕاسپاردە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕال کرا، و جەخت لە بەردەوامبوونی گفتوگۆکان کرا بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی کە پێویستیان بە کۆبوونەوە و دیداری زیاتر ھەیە.

ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری بڕیاری دا بە پێشکەشکردنی ڕاسپاردەیەک بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ بۆ ئاراستەکردنی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بۆ چارەسەرکردن و ناردنی مووچە ڕاگیراوەکانی ھەرێم، ئەوانەی بە ھۆی تەواونەکردنی بایۆمەتری دوورخرابوونەوە.

ھەروەھا گفتوگۆ لەبارەی ھەندێک پرسی پەیوەندیدار بە ڕۆژنامەی کشتوکاڵی، مۆڵەتی ھەناردە و ھاوردەکردن، مۆڵەتی کارگەکان، تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، پۆلێنکردنی بەڵێندەران، دەروازە سنوورییەکان، گومرگ، دۆسییەی نەوت و وزە و کەرتی بانکی کرا.

ڕاسپاردەیەکی دیکەی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری بەردەوامبوونی کارکردنی لیژنە ھاوبەشەکانی نێوان وەزارەت و کەرتە پەیوەندیدارەکانە بۆ تەواوکردنی ئەو ئەرکانەی پێیان سپێردراوە لەپێناو گەیشتن بە لەیەکتێگەیشتنی ھاوبەش کە لە بەرژەوەندی ھەموو ھاووڵاتییانی عێراقدا بێت.

ھەروەھا ئەنجوومەنی وەزاری پێشنیاری ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی تایبەت و لە ئاستێکی باڵادا دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دۆسییەکانی نەوت و وزە و دەروازە سنوورییەکان و گومرگ.

لە کۆتایی دا بانگھێشتی ئەنجوومەنی ئابووری ھەرێمی کوردستان کرا بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی ھاوبەش لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری لە شاری بەغدا.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە