پەیامی کورد... كهمئاوی بهرۆكی ئیستانبوڵی گرتوهو ئاستی ئاوی بهنداوهكان دابهزیوون
ڕۆژنامەی (دەیلی سەباح)ی تورکی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە کێشەی کەمئاویی لە شاری ئیستانبوڵ بڵاو کردۆتەوە و بەپێی هەواڵەکە، کەمئاوی هەڕەشەیەکی جدییە بۆسەر شارەکە و ئەمساڵ داوی بێبارانییەکی درێژماوە، ئاستی ئاوی گلدراوەی ئەو سێ بەنداوەی ئاوی سازگار بۆ شارەکە دابین دەکەن، دابهزیووه بۆ ئاستێکی پێوانەیەیی.
ڕۆژنامەکە نووسیویەتی: "سەرچاوەکانی ئاوی ئیستانبوڵ لە مەترسییدان، بە هۆی کەمئاویی سێ بەنداوی گەورەی شارەکەوە کە بە هۆی بێبارانییەوە نزیکن لە وشکبوون".
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، ئاستی ئاوی هەر سێ بەنداوەکە بۆ نزمترین ئاست دابەزیون بە جۆرێک کە پێشتر نموونەی نەبووە، ئەو سێ بەنداوە ئاوی سازگار بۆ شارە هەرە گەورەکەی تورکیا دابین دەکەن، ئەمەش نیگەرانیی و دڵەڕاوکێی زۆری لای هاوڵاتییان و بەرپرسان درووست کردووە بە تایبەتیی لە هەنووکە لە سەرەتای هاوینێکی درێژ و پرووکێنەرداین.
بە بڕوای شارەزایانی بوارەکە، هۆکاری ئەو کەمئاوییە، دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبارانیی، هەروەها بۆ هۆکاری مرۆییش لەوانە بەکارهێنانێکی لەڕاددەبەدەری ئاو و گوێنەدان بە کەمیی و دەگمەنیی ئەو سەرچاوە سرووشتییە.
سێ بەنداوەکە بریتیین لە: (قازاندەرە)، کە دەکەوێتە کەناری دەریای ڕەش، کە لە هەموویان زیاتر ئاستی ئاوەکەی دابەزیوە، لەگەڵ هەردوو بەنداوی (پابووچدەرە) و (ئیسترانجالار). ئەو سێ بەنداوە دەکەونە ناوچەی تراکیای خۆرهەڵات، هەر سێ بەنداوەکە ئاستی گلدانەوەی ئاویان لەمساڵدا بەحاڵ گەیشتۆتە ٥%.
بەپێی زانیارییەکانی پێگەی بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی تەندرووستیی ئیستانبوڵ (ISKI)، تێکڕای ئاوی گلدراوەی بەنداوی (قازاندەرە) لەئێستادا تەنیا ٥.١٤%، هی (پابووچدەرە) تەنیا ٣.٩% و هی (ئیسترانجالار)یش ٣٣.٢٨%.
شارەزایەکی بواری سەرچاوەکانی ئاو، ئاماژە بەوە دەدات کە هەردوو بەنداوی (پابووچدەرە) و (قازاندەرە) لە ماوەی ئەم دەیەی ڕابردوودا بۆ نزمترین ئاستیان دابەزیون، هاکان تەجەر؛ ڕاگری کۆلێجی ئەندازیاریی زانکۆی (چۆرلو)، بە ڕۆژنامەی (دەیلی سەباح)ـی وتووە: "لە کۆی ئەو ١٠ بەنداوەی ئاوی سازگار بۆ ئیستانبوڵ دابین دەکەن، هیچکات ئاستی ئاویان لە ٦٠-٦٥% دانەبەزیوە، تەنیا یەک جار نەبێت ئەویش ساڵی ٢٠١٤ بوو کە دابەزین بۆ ئاستی ٤٤-٤٩%، ئەم دابەزینەی ئێستا بەڵگەی ئەوەیە کە ئاستی دابارین بە جۆرێک کەمی کردووە کە گلدانەوەی ئاوی پێویست لە تورکیا کە دەکەوێتە سنووری کەشوهەوای دەریای ناوەڕاستەوە مەترسیی بکەوێتە سەر".
شارەزایەکی دیکە ئاماژە بەوە دەدات کە ئاستی ئاوی ئەو بەنداوانە گەیشتۆتە نزمترین ئاست. بە وتەی ئەو پێشتر ئەو بەنداوانە بە ڕێژی ٩٥% پڕ ئاو دەبوون، هیچکاتیش وشکەساڵی بەو جۆرە بەدیی نەکراوە. وشکەساڵیی ئەم ساڵ بێهاوتا بووە، ئێستا ئاستی ئاوی ئەو بەنداوانە ١% و ڕەنگە ٢% بن.
(دەیلی سەباح)، ئاماژە بەوە دەدات تورکیا دەوڵەتێکە دیاردەی کەمئاوی بەرۆکی گرتووە، ئەویش بە هۆی گەشەکردنی خێرای ژمارەی دانیشتووان و ئەو کەرتە پیشەسازییە زەبەلاحەی کە هەیەتی، پێشبینییەکان بۆ ئەوە دەچن بە گەیشتنە ساڵی ٢٠٣٠، تورکیا ببێتە دەوڵەتێکی کەمدەرامەتی ئاویی.
ئەوەی مایەی سەرنجە لێرەدا ئەوەیە تورکیا کە ژمارەیەکی زۆر بەنداوی گەورەی لەسەر ڕووباری دیجلە و فوڕات درووست کردووە و کۆی پرۆژەکە بە (گاپ) ناو دەبرێت، بۆتە هۆکاری کەمئاویی و کارەساتێکی ژینگەیی لە هەریەکە لە عێراق و سووریا.
بەنداوەکانی پرۆژەی گاپ ئاستی ئاوی بەردراوەی هەردوو ڕووبارەکەیان بۆ سووریا و عێراق بە ڕێژەی ٨٠% و زۆرجاریش ٩٠% کەمکردۆتەوە، لە تازەترین پێشهاتیشدا دوێنێ، دەسەڵاتدارانی تورکیا ئاویان لە شاری حەسەکە گرتەوە و بەوەش ژیانی سەدان هەزار مرۆڤیان خستۆتە تەنگژەی قوڵەوە.
وەکو دەڵێن ئەوەی چاڵ بۆ ئەوانیتر هەڵکەنێت خۆشی تێی دەکەوێت، تورکیا، بەهەمان شێوەی زۆر ناوچەی دیکەی دونیا، بەشێک لە شارەکانی ڕووبەڕووی وشکەساڵیی و کەمئاوییەکی بێپێشینە بووەتەوە، بە تایبەتیی لە شاری ئیستانبوڵ کە گەورەترین شاری وڵاتەکەیە و ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی ١٦ ملیۆن کەسە، زەنگی مەترسیی لێ درا و بەرپرسان داوای بەدەمەوەچوونی بەپەلە دەکەن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە