پەیامی کورد... لە عێراق داوای دەرکردنی باڵیۆزی ئەمریکا دەکرێت
بەشێك لەهێزەكانی سەر بە حەشدی شەعبی لەبەغدا، داوای دەرکردنی ئیلێنا ڕۆمانۆڤسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دەكەن.
حسێن عەلی سەرۆکی دەستەی ڕێکخەری بزووتنەوەی جەماوەری، كە هێزێكی سەر بە جەشدی شەعبییە لەو بارەوە رایگەیاندووە، بەهۆی دەستێوەردانەکانی باڵیۆزی واشنتۆن لە بەغدا عێراق لە دۆخێكی خراپی سیاسیدایە.
باسی لەوەشکرد، "دەستێوەردانەکانی ئەمریکا" پێشێلکردنی سەروەری نیشتمانین، كە ئەوەش زیانی بۆ هەموو لایەك هەیە.
حسێن عەلی راشیگەیاند، بوونی ئەمریکییەکان لە ناوخۆی عێراق بووەتە هەڕەشە بۆ سەر سەروەری وڵات، هەروەها جەختی لە پێویستی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا و دەرکردنی باڵیۆزەکەی لە خاکی عێراق کردەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، "هەنگاوەکانی ئیلێنا ڕۆمانۆڤسکی باڵیۆزی ئەمریکا دەستوەردانێکی ئاشکرا و قبوڵنەکراوە لە کاروباری عێراقدا، کە پێویستی بە هەڵوێستێکی نیشتمانیی بەپەلە هەیە لەلایەن هەمووانەوە لە ڕەتکردنەوە و ئیدانەکردنیان و هەڵوێستی جددی لەو بارەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە