پەیامی کورد... لەڕێگەی نامەیەكەوە، ئەمریكا هۆشداری بە عێراق دەدات
ئەمریكا لە ڕێگەی نامەیەكەوە حكومەتی عێراق لەسەر دوو پرسی هەستیار ئاگادار دەكاتەوەو وەزیری دەرەوەی عێراقیش نامەكە پشتڕاست دەكاتەوەو دەڵێت، ڕادەستی ئەو كراوە كە لەداهاتوودا هەنگاو بۆ جێبەجێكردنی دەنرێت.
(فوئاد حوسێن) وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ (ئەلینا ڕۆمانۆوسكی) باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كۆبۆتەوەو نامەیەكی گرنگی ڕادەست كراوە.
وتیشی: ئەو پەیامە لەلایەن حكومەتی ئەمریكاوە بۆ حكومەتی ناوەندی عێراق نێردراوەو لە داهاتوودا هەنگاوەكان لەبارەی پەیامەكەوە دەنرێن.
وەزیری دەرەوەی عێراق هیچ زانیارییەكی سەبارەت بە ناوەڕۆك و وردەكاری نامەكە ئاشكرا نەكردوە.
سەبارەت بە ناوەڕۆكی ئەو نامەیەی ئەمریكاش بۆ عێراق، میدیا ناوخۆییەكانی عێراق باسیان لەوە كردووە، كە نامەكەی ئەمریكا دوو پرسی تێدا بووە، یەكێكیان هۆشداری ئەمریكا بووە سەبارەت بە پرسی كشانەوەی هێزەكانیان لە عێراق و ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ دەركردنی هێزەكانیان لە عێراق، دووەمیان پەیوەست بووە بە هێرشەكانی گروپە چەكدارەكان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لەعێراق.
سەبارەت بە هەردوو پرسەكە ئەمریكا هۆشداری توندی داوەتە عێراق كە كۆتایی بەو دوو پرسە بهێنرێت و بەپێچەوانەوە كاردانەوەی زۆر توندیان دەبێت.
نامەكەی ئەمریكا لەكاتێكدایە، كە شەوی ڕابردوو ئەمریكا هێرشی مووشەكی كردە سەر بنكەو بارەگایەكی بارەگاكانی حزبولڵا لە بابل و ئەنبار ئەوەش كاردانەوەی توندی لایەنە شیعەكانی بەدوای خۆیدا هێنا.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە